لە سلێمانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە گەیشتە 85 مێگاوات
رووداو دیجیتاڵ
دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر (سۆلار) لە سنووری پارێزگای سلێمانی رووی لە زیادبوون کردووە؛ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 85 مێگاوات و زیاتر لە سێ هەزار هاوبەشیش سیستمەکەیان داناوە.
رۆژی پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2026، بەپێی ئامارەکانی بەشی وزە نوێبووەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، کە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، رۆژ لە دوای رۆژ هاووڵاتییان زیاتر روو لە دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر دەکەن، "بە جۆرێک تەنیا لە رێگەی ئەو سیستمەوە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سنووری پارێزگاکە گەیشتووەتە 85 مێگاوات".
مانگێک لەمەوبەر ژمارەی هاوبەشان 3 هەزار و 110 هاوبەش بووە. بەپێی راگەیێندراوەکە: "تاوەکو ئەمڕۆ، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە سیستمەکەیان داناوە و لە بەشی وزە نوێبووەکان تۆمارکراون، گەیشتووەتە 3 هەزار و 166 هاوبەش".
لەبارەی جۆر و پۆلێنی ئەو هاوبەشانەی سیستمەکە بەکاردێنن، کارەبای سلێمانی روونیکردووەتەوە: "کە زۆرترین رێژە بەر ماڵان دەکەوێت کە 2 هەزار و 611 هاوبەشن؛ پاشان 450 هاوبەشی بازرگانی، 85 هاوبەشی کشتوکاڵی، 15 هاوبەشی پیشەسازی و 5 هاوبەشی میری (حکومی) سیستمەکەیان جێگیر کردووە".
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە 10-1-2026، کراوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، ریزبەندیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەڕووی ژمارەی هاوبەشانی سیستمی سۆلار بەم شێوەیەیە:
سلێمانی: 2,590 هاوبەش
هەولێر: 740 هاوبەش
دهۆک: 530 هاوبەش
هەڵەبجە: 204 هاوبەش
سۆران: 95 هاوبەش
وەزارەتی کارەبا بۆ هاندانی هاووڵاتییان، سیستمی پێوەرە زیرەکەکەی بەستووەتەوە بە سۆلارەوە؛ بە جۆرێک ئەگەر هاوبەشێک کارەبای زیادە بەرهەم بهێنێت و بیخاتە نێو تۆڕی نیشتمانییەوە، تێچووی کارەبای بە شێوەی "لەبری" (مقاصة) لەسەر پسوولەکەی کەم دەبێتەوە.