یەکێتی مامۆستایان داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن لە هۆڵەکان دەکات؛ پەروەردە و خوێندنی باڵا چی دەڵێن؟
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی مامۆستایان دۆخەکە بە "لەبار" دەزانێت بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لەنێو قوتابخانەکان. دوو بەرپرسی وەزارەتی پەروەردە و بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لەنێو پۆلەکان نەداوە.
لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیرا. 29ـی ئادار بڕیاردرا ئامادەبوون لەنێو پۆلەکان رابگیرێت و پڕۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، عەبدولواحید ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتاش جەختمان کردووەتەوە، کە خوێندنی نێو پۆل باشترین بژارەیە و بۆ ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە".
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "ئێستا کە دۆخەکە هێور بووتەوە و ئاگربەست راگەیێندراوە، پێمانباشە خوێندن بە ئامادەبوون لە پۆلەکان دەستپێبکاتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی دۆخەکە دەکات و پێدەچێت تاوەکو یەکشەممە بڕیاری نوێ لەبارەی خوێندنەوە بدەن. دوو بەپرس لە وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداویان راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە ناو پۆل".
لەبارەی خوێندنی باڵاشەوە د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ بڕیار لە دەستپێکردنەوەی خوێندنی بەشێوەی ئامادەبوون لە زانکۆ و پەیمانگەکان نەدراوە".
دوێنێ چوارشەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ ماوەی دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن.