بازرگانیی هەرێمی کوردستان: بەهۆی ئاگربەستەوە نرخی کاڵا و خۆراک دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە هەموو دەروازە و فڕۆکەخانەکان کراونەتەوە و نرخی خۆراک دادەبەزێت. هاوکات بەرپرسانی عەلوە و لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ رایدەگەیێنن، جگە لە چەند بەرهەمێکی دیاریکراو، نرخی زۆربەی سەوزە و میوەکان دابەزیوەتەوە.
"لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی کەلوپەل و خۆراک دابەزێت"
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو دەروازەکان کراونەتەوە، هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاریش لە هەموو دەروازە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی ئاساییە."
لەبارەی دۆخی بازاڕ، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا هەموو رێگەکان بۆ هێنانی خۆراک و کەلوپەل کراوەن و دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا و گوتی: "پێویست بەوە ناکات خەڵک خواردنی زیادە لە ماڵەوە هەڵبگرێت، چونکە زۆربوونی خستنەڕووی کاڵا دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی کەلوپەل و خۆراک دابەزێت و بازاڕ هاوسەنگ بێتەوە." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ قەیرانێکی خۆراکی نەبووە گوتی: "لەو ماوەیەشدا کە هاتووچۆ کەم بوو، ئێمە هیچ کێشەیەکی خۆراکمان نەبوو و خۆراکی پێویستمان لە کۆگاکاندا هەبووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، نرخی خۆراک گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، "تەنیا نرخی برنج و رۆنی شل كەمێك بەرز بووەتەوە."
تەماتە گرانە و بەرهەمەکانی دیکە هەرزانن
بەشێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی هاووڵاتییان پەیوەندی بە نرخی سەوزە و میوەوە هەیە. سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "نرخی زۆربەی بەرهەمەکان دابەزیوە وەک خەیار، پیاز، باینجان و پەتاتە؛ بەڵام بەهۆی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە، رۆژ بۆ رۆژ نرخی تەماتە گرانتر دەبێت، ئێستا لە عەلوە بە کۆ کیلۆی بە 2 هەزار دینارە".
هەروەها رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "پێش ئاگربەست هەموو بەرهەمەکان رۆژانە گران دەبوون، بەڵام ئێستا نرخی تەماتە زۆر بەرزبووەتەوە و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ ئەگەرنا بەگشتی بەرهەمەکانی دیکە نرخیان ئاساییە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کیلۆی تەماتە لە بازاڕەکاندا گەیشتووەتە نزیکەی 3 هەزار دینار.
کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر مارکێتەکان
لە ناو بازاڕ و مارکێتەکاندا، هێشتا کاریگەرییەکانی جەنگ ماون. مەریوان حەمەدەمین، خاوەنی مارکێتێک لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "ئەو کەلوپەلانەی ئێستا دەفرۆشرێن ئەوانەن کە لەو کاتەدا هاتبوون کە هێشتا جەنگ بوو، بۆیە نرخی هەموو کەلوپەلێک بەگشتی گران ببوو، وەک برنج، رۆن، کلینسی وشک و تەڕ، دایبیی منداڵان و سەوزەوات."
ئەو خاوەن مارکێتە هۆکارەکەی روونتر کردەوە و گوتی: "ئەم گرانبوونە بەهۆی جەنگەوە بوو کە بووە هۆی کەمبوونی خۆراک و کەلوپەل لە بازاڕەکاندا، ئەوەش خواستی زیاد کرد و خستنەڕووی کەم کردەوە. بەڵام پێشبینی دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەگەر ئاگربەست بەردەوام بێت، نرخەکان ئاسایی ببنەوە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە لیژنەکانی چاودێریی قایمقامیەتی هەولێر دەستی کەوتوون، ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی لە بازاڕەکاندا نرخەکەی بەرزبووەتەوە تەنیا برنج و رۆنە. قایمقامیەت جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و رێگری لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک دەکەن، پێشبینیش دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخەکان بەتەواوی ئاسایی ببنەوە.