وردەکاریی گیانلەدەستدانی کچێکی 5 ساڵان لە چەمچەماڵ؛ "تاوەکو مردن ئەشکەنجە دراوە"
رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی 5 ساڵان لە قەزای چەمچەماڵ گیانی لەدەستدا، دادپزیشکیی سلێمانی دەڵێت، "لەژێر ئەشکەنجەدا مردووە"، کە بەو واتایە دێت، منداڵەکە کوژراوە.
قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگەی سلێمانییە و رووداوەکە دوێنێ چوارشەممە بووە.
هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو چووە شوێنی بەخاکسپاردنی منداڵەکە و پرسیاری لە کەسوکاری کرد، بەشێک لە خزمەکانیان پێیان گوت، "دایکی ئەشکەنجەی منداڵەکەی داوە و هەر ئەوەش هۆکاری مردنیەتی".
پۆلیس بە مادەی (410) لە یاسای سزادانی عێراقی، دایک و باوکی منداڵەکەی دەستگیرکردووە.
هەردی محەممەد دەڵێت، ڤیدیۆی تایبەتی بەدەست گەیشتووە و پڕە لەو دیمەنانەی کە ئەشکەنجەی منداڵەکە بەئاشکرا دەسەلمێنێت.
ئەو خێزانە جگە لەو کچە پێنج ساڵانە، سێ منداڵ (دوو کچ و کوڕێک)ی دیکەیان هەیە.
بە قسەی دراوسێکانی ئەو خێزانە، "منداڵە کوژراوەکە" نزیکەی سێ کاژێر لە حەوشەی ماڵەکەدا بووە و دواتر دوو خوشک و براکەی، ئەگەرچی تەمەنیان بچووکە، بەڵام خەڵکیان لێ ئاگادار کردووەتەوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، دەنگۆیەک هەیە کە دایکەکە جۆرێک لە نەخۆشیی دەروونی هەبێت، بەڵام پشتڕاست نەکراوەتەوە.
چۆن لایەنی پەیوەندیدار ئاگادارکرایەوە؟
راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/سلێمانی دەڵێت، "کاژێر 22:00، لە شەوی 8 لەسەر 9ی نیسانی 2026، ئاگادار کراینەوە لە رووداوێكی كوشتنی كچێكی تەمەن 5 ساڵان".
بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەستبەجێ تیمی تایبەتمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە، دوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە كە "جەستەی منداڵەكە شوێنەواری تووندوتیژی پێوە بووە"، بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر تەرمەكەی رەوانەی دادپزیشكیی سلێمانی كراوە.
باس لەوەش دەکات کە دایک و باوکی منداڵەکە تۆمەتبارن و بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر دەستگیرکراون.