نووسەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نامەی منداڵێکی 12 ساڵان پەیامی ئاشتی دەگەینێتە سەرۆکەکانی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
نووسەرێکی خەڵکی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی سویسرایە، لە رێگەی نوێترین کتێبی خۆیەوە کە بە سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و فارسی نووسراوە، پەیامی "ئاشتی و پاراستنی مافی ژنان و منداڵان ئاراستەی سەرۆک و رێبەرانی جیهان دەکات."
حەسەن ئازادە، نووسەری کتێبی (8 ملیار و 156 ملیۆن نیگا بۆ ئاشتی جیهانی) بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، ناوی کتێبەکەی ئاماژەیە بۆ کۆی گشتیی دانیشتووانی گۆی زەوی و پەیامێکی گشتگیرە بۆ ئاشتی، کە تێیدا باسی لە نەهامەتییەکانی کورد، ژیانی کۆڵبەران و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) کردووە، هاوشانی ژیانی منداڵانی دیکەی جیهان کەچۆن رووبەڕووی جەنگ و ئاوارەیی دەبنەوە.
نامەی منداڵێک بۆ سەرۆکەکانی جیهان
پەیامی کتێبەکە لە دووتوێی 154 لاپەڕەدا، چیرۆک و نامەکان لەسەر زمانی کوڕە 12 ساڵانەکەی کە ناوی(محەممەد)ـە نووسراون. حەسەن ئازادە دەڵێت: "پرسیارە سادەکانی کوڕەکەم لەناو کەمپەکانی کۆچبەران و هاوڕێیەتیی لەگەڵ منداڵانی نەتەوە جیاوازەکان، بوونە بنەمایەک بۆ نووسینی ئەم کتێبە، چونکە لەساڵی 2019 تەنیا خۆم و کوڕەکەم رێگەی هەندەرانمان گرتەبەر و من هەم دایک و هەم باوکیش بووم بۆی.
دەشڵێت، "لە کتێبەکەدا زیاتر پەیام و نامەکان ئاراستەی سەرۆکەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقا کراون بۆ ئەوەی جەنگ رابگرن و ژینگە بپارێزن."
ئەم نووسەرە کە ئەندامی ناوەندی پێنووسی (PEN)ـی نێودەوڵەتییە لە سویسرا و ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوە کرد کە چاپی ئینگلیزیی کتێبەکەی بە چاپێکی گونجاو بۆ دیاری و پێشکەشکردن بە سەرۆکەکانی جیهان ئامادە کراوە و لە ئەمازۆنیش بەشێوەی دیجیتاڵی بەردەستە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەزمانی فارسیش چاپکراوە بەڵام هێشتا نەیتوانیوە کوردییەکە چاپ بکات.
ژیانی کۆڵبەران، پاراستنی ژینگە و مافی ژنان
جگە لە پەیامی ئاشتی، کتێبەکە جەخت لەسەر پاراستنی ژینگە و مافی ژنان دەکاتەوە. نووسەرەکە باس لەوە دەکات کە دابڕان لە خێزانەکەی و ئەو نەهامەتییانەی لە کاتی کۆچکردندا چەشتوویانە، رەنگدانەوەی زۆری لەسەر نووسینەکانی هەبووە.
نووسەر باسی ئەوە دەکات لە کتێبەکەیدا باسی ژیانی کۆڵبەرانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە چۆن ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک بۆ منداڵەکانیان و بە سەرما و گەرما رووبەڕووی سەختییەکانی ژیان دەبنەوە و هەندێک جار ژیانیان لەدەستدەدەن.
حەسەن ئازادە دەڵێت: "نامەم بۆ باڵیۆزی ڤاتیکان لە سویسرا ناردووە و وەڵامی داومەتەوە، بڕیارە کتێبەکەم پێشکەش بە پاپای ڤاتیکان بکەم و ئەوان بیگەیەننە دەستی؛ هەروەها بڕیارە بۆ وەزیری ناوخۆی سویسرایشی بنێرم.
حەسەن ئازادە دەڵێت، "جگە لە سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی جیهان، خوازیارم کتێبەکەم پێشکێشی سەرۆک بارزانی بکەم و کتێبێکیش پێشکێشی د. بەرهەم ساڵح، کۆمسیاری باڵای کارووباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم."
لە کۆتاییدا، ئەم نووسەرە هیوای ئاوەدانی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان دەخوازێت و جەخت دەکاتەوە، ئامانجی ئەو تەنیا گەیاندنی دەنگی ئەو منداڵانەیە کە لەناو جەنگ و قەیرانەکاندا چاوەڕێی ئایندەیەکی گەشترن.
حەسەن ئازادە، نوسەری خەڵکی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 50 ساڵە، لەساڵی 2019وە رۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشتووە و ئێستا لە وڵاتی سویسرا نیشتەجێیە.
نووسەر جگە لە کتێبی (8 ملیار و 156 ملیۆن نیگا بۆ ئاشتی جیهانی)، نووسەری چەندین کتێبی دیکەیە لەوانە؛ لە پیرانشارەوە بۆ زیوریخ(کوردی، فارسی و ئینگلیزی)؛ پەنابەری ژووری K-104 (کوردی و ئینگلیزی)؛ شاری خەونەکان(کوردی و ئینگلیزی)؛ وەکو لەقلەقێکی سپی(ئینگلیزی و فاسی)؛ هاوکات دوو کتێبی دیکەی لەبارەی ژیانی دوو شەهیدی شۆڕشی ژینا نووسیوە.