هاوکاریی دوو مانگی رزگاربووانی دەستی داعش دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دوو مانگی رزگاربووانی کوردی ئێزدیی دەستی داعش کرا، کە لە چوار بنکە دابەش دەکرێت.
کاروان باعەدرێ، بەرپرسی راگەیاندنی بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش بە تۆڕی میدیاییی رووداوی گوت: "دابەشکردنی ئەو هاوکارییە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە (9ی نیسانی 2026) دەستیپێکردووە و لە چوار بنکەی جیاواز دابەش دەکرێت."
ئەو هاوکارییە داراییە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیپێکردووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هاوکاریکردنی رزگاربووانی ئێزدیی دەستی داعش دەدرێت.
کاروان باعەدرێ رایگەیاند، هاوکارییە داراییەکان بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی رابردووە و 2600 کەس دەگرێتەوە، دابەشکردنەکەش ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە 03-08-2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری؛ لەو هێرشەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی بێسەروشوێن یان شەهید کران یان رفێندران، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار لە رفێنراوان رزگار کراون.