کۆنسوولی تورکیا لە دیداری پارێزگاری هەولێردا: رێکارەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا هەروەک پێشترن
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایدەگەیێنێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە رێکارەکانی پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بە هاونیشتیمانیان هەرێمی کوردستان نەکراوە و ئەو گۆڕانکارییەی کراوە، تەنیا پەیوەندی بە کۆمپانیای جێبەجێکارەوە هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوێک کە پارێزگاری هەولێر بڵاویکردووەتەوە، سەبارەت بە میکانیزمی نوێی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا، کۆنسووڵ بەرچاوڕوونیی داوە کە "گۆڕانکارییەکان تەنیا لە ئاستی کۆمپانیای جێبەجێکاردا بووە و رێکارەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە پێدانی ڤیزا نەکراوە."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە کراوە. کۆنسووڵی گشتیی تورکیا هاوخەمی و سەرەخۆشیی بۆ قوربانییانی بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی سەر هەولێر دەربڕیوە و هیوای گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە خواستووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری هەولێر، هەردوولایەن جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی زیاتر بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان کردەوە.