بارزانی بۆ رووداو: ئەنجامی سەردانەکەمان لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بوو

رووداو - واشنتن

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ رووداو لە واشنتن، باسی سەفەرەکەی بۆ ئەمریکا دەکات و
رایگەیاند کە سەرکەوتنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ باراک ئۆبامای سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر بوو لەوەی ئەوان چاوەڕوانییان دەکرد.

 گوتیشی دڵنیایی تەواومان لەبەرزرین ئاستی دەوڵەتی ئەمریکا وەرگرتووە، کە لەمەودوا چەک درەنگ ناگاتە دەست پێشمەرگە.

بارزانی بۆ رووداو گوتیشی کە تێگەیشتنێکی تەواو هەیە لای ئەمریکییەکان بۆ دۆزی کورد بە گشتی.

لەو هەڤپەیڤینەدا بارزانی لەبارەی مانەوەی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسە دەکات.
 
رووداو: هەر چەندە پێشتر کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆک ئۆباما بە زۆر سەرکەوتوو وەسف کرد، دەمەوێ بزانم ئایا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییەدابوو، کە پێش هاتنتان بۆ ئێرە هەتانبوو؟

بارزانی: بە راشکاوی دەتوانم بڵێم رەنگە زیاتر بێت لەوەی کە ئێمە چاوەڕوانیمان دەکرد.

رووداو: لە بارەی پرسی چەک، ئایا ئەوە گرفت نییە کە چەک راستەوخۆ ناگات بە پێشمەرگە، هەروەها لە رووی بڕ و دواکەوتنییەوە، کە وا بزانم ٤٨ کاژێر دوادەکەوێت تا دەگاتە کوردستان، ئەوە کێشە نییە؟.


بارزانی: بێگومان ئەوە گرفتێکی گەورەبوو، بە دوورودرێژی باسمان لەو پرسە کردووە، ئێمە دڵنیایی تەواومان وەرگرتووە، کە لەمەودوا چەک دوا ناکەوێت بۆ ئەوەی بگاتە دەست پێشمەرگە.

رووداو: یانی ئەو چەکانەی پێویستانە وەک دژە تانک چیتر دوا ناکەوێت؟


بارزانی: بەڵێ، ئێمە دڵنیایی تەواومان وەرگرتووە، لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی ئەمریکا.

رووداو: لەبارەی پرسی سەربەخۆییەوە، پێشتر باسکرا کە لە کۆشکی سپی باسی سەربەخۆیی دەکەن، دەمەوێت بزانم ئەگەر باستان کردووە، بە چ شێوازێک باسی ئەو پرسەتان کرد؟

بارزانی: تەنیا  ئەوەندە دەتوانم بڵێم، ئێمە تێبینی ئەوەمان کرد، تێگەیشتنێکی تەواو هەیە بۆ دۆزی گەلی کورد بەشێوەیەکی گشتی.

رووداو: یانی ئەگەر بێتو هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی راگەیاند، ئەمریکا پشتگیری سەربەخۆیی دەکات؟

بارزانی: جارێ لەوە زیاتر ناتوانم بڵێم، کە تێگەیشتنێکی زۆر باش هەیە بۆ دۆزی گەلەکەمان. با بزانین پەرەسەندنەکانی دواتر چی دەبێت.

رووداو: دەمەوێ لەبارەی پرسی مانەوەت وەکو سەرۆکی هەرێم بپرسم، هەر چەندە لە دامەزراوەی ئەتلەنتیک گوتت لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمان بە هەر بڕیارێک رازی بوون ، ئێوەش رەزامەندن پێی.

بارزانی: ئێستاش هەمان وەڵامم هەیە.

رووداو: بەڵام پرسیارەکەی من ئەوەیە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان رازی بوون لەسەر مانەوەت، دەمێنیەوە؟

بارزانی:  با بزانین چ بڕیارێک دەدەن، کە بڕیاری ئەوان دەرچوو، ئەو کات منیش قسەی خۆم دەکەم.