لە لوڕستان دەست بەسەر 200 کیلۆگرام تریاکدا گیرا


رووداو دیجیتاڵ

لە نزیک شاری خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بەسەر 200 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت: ''لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە هێنراوە.''
 
چوارشەممە، 08-05-2024، یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لەلایەن تیمەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە رێگەی پێلی زاڵ-خورەمئاوای سەر بە پارێزگاکە، بارهەڵگرێک راگیراوە. دوای پشکنینی ورد دەرکەوت 200 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری لە جۆری تریاک تێدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە. 
 
بەگوتەی یەحیا ئیلاهی، مادە هۆشبەرەکە لە نێو بارێکی تەماتەدا شاردرابووەوە کە لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە هێنراوەتە لوڕستان و قاچاخچییەکان ویستوویانە لەوێوە بیگەیێننە تاران.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، دەست بەسەر بارهەڵگرەکەدا گیراوە و پەیوەست بە دۆسیەکەش قاچاخچییەکی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان کە دوێنێ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، لە 21-03-2024ـەوە دەستیان بەسەر دوو تۆن و 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە پارێزگاکەدا گرتووە و 560 قاچاخچی و خوردە فرۆشیش دەستگیرکراون.
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 48 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەتیشدا گیراوە کە هەڵگری مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر بوونە و زۆربەیان لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە هاتوون.