نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان: 90٪ـی ئالوودەبووان بەهۆی کەسانی زۆر نزیکیانەوە تووش دەبن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، ژمارەیەک بازرگانیی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەریان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستگیر کردووە. دەشڵێت، ''لەنێوخۆ هیچ سەرچاوەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەر نییە.''
ئەمڕۆ هەینی 09-05-2025، نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''لە ساڵی 2023ـوە، ستراتیژیی بنبڕکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و وشککردنی سەرچاوەکانی هێنانی مادەکەمان بۆ هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر.''
ئەرکان بیبانی ژمارەیەک داتای خستەڕوو و گوتی، ''ساڵی 2023 لە پارێزگای هەولێر و دهۆک، هەزار و 70 کەس بە تۆمەتی کڕین، فرۆشتن و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی هەبوو لەسەر ئامارەکانی پار."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 2024ـیش 831 تۆمەتباری پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر تەنیا لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون کە رێژەکە بەراورد بە ساڵی پێشتر، کەمیکردووە.
''مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دروست ناکرێت''
زۆر جار هەرێمی کوردستان وەکو ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت. بەگوتەی ئەرکان بیبانی، ''هیچ سەرچاوەیەکی مادەی هۆشبەر لە نێوخۆ نییە، بەڵکو مادەکە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دەهێنرێت.''
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان گوتی: ''تاوەکو ئێستا بە هاوکاریی حکومەتی فیدراڵی، چەندین بازرگانی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون و هێنراونەتە نێو خاکی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن.''
ئەرکان بیبانی جەختی لەوە کردەوە، ''مەبەستمانە بە تەواوی شادەماری هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان وشک بکەین و خەڵک بپارێزین.''
جیا لە دەستگیرکردنی بازرگانان، وەک گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکە دەڵێت، هەوڵیان داوە لە رێگەی هۆشیارکردنەوەی خەڵک، زیاتر رێگری لە بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بکەن؛ ''ئێمە دەچینە هەر کافێ و رێستۆرانتێک بەڵێننامە بە خاوەنەکەی واژۆ دەکەین کە نابێت کافە یان رێستۆرانتەکەی ببێتە ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی مادەکە.''
ئەرکان بیبانی ئاماژەی بەوە کرد، پشکنین بۆ سەرجەم کارمەندانی کافتریا و رێستورانتەکانیش دەکرێت و راستەوخۆ ئەنجامەکەی دەردەچێت و ئەگەر دەرکەوت کە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
''بەبێ رەچەتەی پزیشک دەرمانی کۆنترۆڵکراو نادرێتە نەخۆش''
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتییەکە لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ سەردانی دەرمانخانەکان؛ ''بەپێی یاسا، قەدەخەکراوە کە دەرمانە کۆنترۆڵکراوەکان بەبێ رێنمایی پزیشک بدرێتە خەڵک و لەوبارەوە بەڵێننامە بە دەرمانخانەکان پڕکراوەتەوە.''
ئەرکان بیبانی گوتی، پێویستە نەخۆش کاتی داواکردنی دەرمانی کۆنترۆڵکراو کە رەنگە مادەی هۆشبەریان تێدا بەکارهێنرابێت، رەچەتەی پزیشکی پیشانی کارمەندانی دەرمانخانە بدات، دەبێت رەچەتەکەش لای دەرمانخانە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی نەخۆش نەتوانێت لە شوێنێکی دیکە دووبارە دەرمانی کۆنترۆڵکراو وەربگرێتەوە.
''زیاتر لە 90٪ـی تووشبووان لەلایەن نزیکترین کەسەکانیانەوە ئالوودە بوون''
وەکو گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی پێدا، زیاتر لە 90٪ـی ئەو کەسانەی ئالوودەی مادەی هۆشبەرن، لەلایەن ''نزیکترین و متمانەپێکراوترین'' کەسەکانیانەنەوە ئالوودە کراون، ''ئێمە دۆسیەمان لایە مام برازای ئالوودە کردووە، یان خاڵ خوشکەزاکەی، یان بە پێچەوانەوە.''
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ئەرکان بیبانییەوە خرانەڕوو، لەنێو کەسانی نزیکیشدا، ئالوودەبوونی گەنجان لەلایەن هاوڕێکانیانەوە زیاتر تۆمارکراوە، ''واتا نزیکترین هاوڕێکانی خۆیان بە شێوەی راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئاڵوودەیان کردوون.''
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە ''لە هەر شتێک پێیان دەدرێت وەکو حەب، قەترە، سپرای، لەزگە یان هەر شتێکی خواردن و خواردنەوە، دەبێت وریا بن. هەندێکجار ئەو مادانە دەدرێنە خەڵک بەبێ ئەوەی خۆی ئاگادار بێت.''