ئاگر لە ماڵێک لە هەولێر کەوتەوە؛ "کەسێک بریندار بوو"

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە ماڵێک لە گەڕەکی زێڕینی هەولێر کەوتەوە و کەسێک بریندار بوو. برای خاوەن ماڵەکە دەڵێت، زیاتر لە 50 هەزار دۆلار زیانی هەبووە.
 
رووداوەکە کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ هەینی 09-05-2025 لە گەڕەکی زێڕینی هەولێر روویدا. هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، "تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە نزیکەی دوو کاژێردا ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد، بێ ئەوەی تەشەنە بکات بۆ ماڵەکانی دیکە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ماڵەکە کەسی تێدا نەژیاوە، بەڵام خاوەنەکەی هەندێک کەلوپەلی دووکانەکەی لەوێ دانابوو، کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە سووتاون.
 
خاوەنی ماڵەکە لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بریندار بووە. ئەحمەدی برای بە رووداوی گوت، "براکەی بەهۆی دووکەڵی زۆرەوە تووشی تەنگەنەفەسی بووە و دەستیشی سووتاوە؛ بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە و ئێستا تەندروستیی باشە."
 
بەهۆی ئەوەی کەسی تێدا نەژیاوە، خانووەکە کارەبای نەبووە. ئەحمەد لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە دەڵێت، "پێدەچێت بە پاشماوەی جگەرە، لە باخچەکەوە ئاگر تەشەنەی کردبێتە ژوورەوە."
 
برای خاوەن ماڵەکە ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەکە زیاتر لە 50 هەزار دۆلار زیانی هەبووە.