بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بۆ رووداو: چاوەڕێ دەکەین لیژنەیەک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهبێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پێویستە لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاو بۆ پرۆسەکە بنێت.
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رۆژی هەینی، 9ی ئایاری 2025 بە عومەر سۆنمەز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی تورکیاش کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بکەن.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا، رۆڵی لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە دەبێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، کۆنگرەی 12ـەمی لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەچووە.
دەم پارتی لەبارەی ئەم راگەیێندراوەی پەکەکە رایگەیاند، ''لەگەڵ بڕیاری پەکەکە هەنگاوێکی دیکە لە ئاشتی نزیک دەبینەوە''.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ سەزایی تەمەللی
رووداو: ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە راگەیێندراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ''لەمەودوا بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان. دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات''. ئێوە وەک دەم پارتی لەمەودوا چاوەڕوانییەکانتان لەم پرۆسەیە چی دەبن؟
سەزایی تەمەللی: لە راستیدا لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتیش ئاماژە بە رێگەچارەیەک کرابوو؛ ئاماژە بە پەرلەمان کرابوو؛ ئاماژە بەوە کرابوو، هەموو لایەنەکانی پەرلەمان بەیەکەوە زەوینەی گفتوگۆ بڕەخسێنن و رێگەیەک بۆ چارەسەریی دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسی بدۆزنەوە. شاندەکەمان بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەموو پارتە سیاسییەکانی کرد. لەبارەی پێشهاتەکانی پێش و دوای بانگەوازەکەش گفتوگۆیان کرد.
بێگومان ئێمە وەک دەم پارتی، لەم قۆناخەی ئێستاشدا هەموو هەوڵێک بۆ بەردەوامیدان بەم خەباتە دیموکراسییە و چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسی دەدەین.
لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی پارتەکەشماندا بانگەواز بۆ هەموو پارتەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دەکەین، چونکە هەمووان دەتوانن کار بکەن و هەنگاو بنێن. ئێستاش چاوەڕوانیمان لە هەمووان ئەوەیە، پێویستییەکانی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە جێبەجێبکەن.
رووداو: چاوەڕێ دەکەن لە پەرلەمان لیژنەیەک لەبارەی پرۆسەکە پێکبهێندرێت؟ لە پرۆسەی یەکەمی چارەسەریدا لیژنە پێکهێندرا، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن پاڵپشتیی لێ نەکرد و نەبووە ئەندام لێی. ئێوە هەنگاوێکی لەمشێوەیە دەنێن؟
سەزایی تەمەللی: بەڵێ، بەڵام ئایا وەک لیژنەکەی پرۆسەی یەکەمی چارەسەری دەبێت یان بەشێوەیەکی جیاوازتر دەبێت، ئەمانە پێویستیان بە دیالۆگ و راوێژکردنە. بێگومان رەخساندنی زەوینەی کارکردن لە پەرلەمان زۆر زۆر گرنگە. ئینجا ئەوە یان لە رێگەی لیژنەیەک دەبێت یان بەشێوەیەکی جیاواز بێت. بێگومان لە هەموو گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتەکان قسە لەم بارەیەوە دەکەین. پێشتریش پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بانگەوازێکی لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەک کردبوو.
ئەوەی لە پرۆسەی یەکەمی چارەسەرییدا کاری بۆ پێکهانی لیژنەکەکە کرد، دەسەڵاتی ئاکپارتی بوو. ئایا لیژنە پێکدەهێندرێت یان لیژنەیەکی چۆن پیکدەهێندرێت، هەموو ئەمانە لە داهاتوودا لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێن. بەڵام جگە لە پەرلەمان، دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەنگاوی پێویست بنێت. بێگومان ئێمەش وەک تەواوی کۆمەڵگە، چاوەڕێی هەنگاوی پێویستین.
رووداو: لەمەودوا پرۆسەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ شاندی ئیمرالی جارێکی دیکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە؟ هیچ رێککەوتێک لەمبارەیەوە هەیە؟
سەزایی تەمەللی: ئێستا هیچ رێککەوتێک و بەرنامەیەک بۆ کۆبوونەوە نییە. بێگومان ئێمە دەمانەوێت شاندی ئیمرالی و هەموو ئەو لایەنانەی دەتوانن سوود بە پرۆسەکە بگەیێنن، لەگەڵی کۆببنەوە. ئەمەش یەکێکە لەم هەنگاوانەی کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویستە بینێت.