پەروین بوڵدان لەبارەی کۆنگرەکەی پەکەکە: سوود بە پرۆسەی چارەسەری دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی بە "مێژوویی" ناودەبات و دەڵێت، سوود بە پرۆسەی چارەسەری دەگەیێنێت.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، رۆژی هەینی 9ی ئایاری 2025 رایگەیاند، کۆنگرەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان سوود بە پرۆسەی چارەسەری دەگەیێنێت، "لە ئاییندەدا رێگە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی لە تورکیا خۆش دەکات."
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی، کۆنگرەکەی بە "مێژوویی" ناوبردووە؛ داوای لە حکومەتی تورکیاش کرد هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنێت و رایگەیاند، "بێگومان ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، تورکیا بەرەو دیموکراسیبوون دەبەن."
بوڵدان گوتیشی، باوەڕیان وایە پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەئەنجام دەگات، "با ئێستا هەمووان سەرنجیان لەسەر ئاشتی و ئاییندەی تورکیا بێت."
لە تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا، کە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەمڕۆ رایگەیاند، کۆنگرەی 12یەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ی ئەم مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەبردووە، لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە.