ئیدارەی گەرمیان لەبارەی هێرشکردنە سەر پاسێکی گەشتیارانی عێراق داوای لێبووردن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی گەرمیان لەبارەی هێرشکردنە سەر پاسێکی گەشتیارانی پارێزگاکانی عێراق لە کەلار، داوای لێبووردن دەکات و رایدەگەیێنێت، سەرجەم هێرشکاران دەستگیرکراون و ئەو جۆرە کارانە زۆر نەشیاون و دوورن لە کولتووری شاری کەلار و گەرمیان.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، شەوی رابردوو لە رووداوێکی نەخوازراو دا، چەند گەنجێک لەنێو شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە ماتۆڕسکیل رێگە لە پاسێکی گەشتیارانی پارێزگاکانی عێراق دەگرن و هێرشیان دەکەنە سەر.
ئیدارەی گەرمیان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو کارە "پلان بۆ داڕێژراو نەبووە و هەڵسوکەوتێکی شەخسیی خۆیان بووە." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو جۆرە کارانە زۆر نەشیاون و دوورن لە کولتووری شاری کەلار و گەرمیان، "لەکاتێکدا خەڵکی ناوچەکە بە میواندۆست ناسراون، تاوەکو ئێستاش سەرەڕای ئەوەی رۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە کەلارەوە هاتووچۆ دەکەن، رووداوی وەها نەبووە."
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە ئەو رووداوە نەخوازراوە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستبەجێ هاتووەتە سەر هێڵ و هەر پاش رووداوەکە، لایەنە ئەمنییەکان بە ئەرکی خۆیان هەستاون و ئەو گەنجانە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیرکراون؛ ئێستاش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت و رێکاری یاسایی پێویست دەگیرێتەبەر.
لە کۆتاییدا، وەکو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان داوای لێبووردن لەو کەسانە دەکات کە لە پاسەکە دا بوون و دڵنیایی دەداتە هەمووان کە "هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی لەو جۆرە رووناداتەوە، چونکە ئەوە لە نەریت و کەرەمی گەرمیانییەکان ناوەشێتەوە."