دوای زیاتر لە هەفتەیەک گەڕان؛ هێشتا ئۆتۆمبێل و دوو منداڵەکەی ناو گەلی عەلی بەگ نەدۆزراونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران راگەیاند، دوای زیاتر لە هەفتەیەک تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە گەڕان و گوتی:" 18 تەکنیکمان بەکارهێناوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی دوو منداڵەکە دیار نییە".
 
رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، کاروان میراودەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەردەوامین لە گەڕان بەدوای دوو منداڵە بێسەروشوێنەکەی رووداوی گەلی عەلی بەگ. لە درێژەی گەڕانەکانماندا لە ماوەی هەفتەی رابردوو 18 تەکنیکی گەڕانمان بەکار هێناوە، کە هەم بیرۆکەی خۆمان و هەم بیرۆکەی خەڵکیشمان وەرگرتووە."
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، تاوەکو ئێستا گەڕان بەدوای دوو منداڵە بێسەروشوێنەکەی دیکە بێ ئەنجام بووە، "هێشتا ئۆتۆمبێلەکەشمان نەدۆزیوەتەوە، تەنیا دوو پارچەی نەبێت."
 
لەبارەی تیمەکانی گەڕانیشەوە، کاروان میراودەلی گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە گەڕان؛ ئێستا تیمی سلێمانیش بۆ هاوکاریمان هاتووە، تیمی سۆران، مێرگەسۆر و هەولێریش بەردەوامین و هەفتەی رابردوو ئاکرێشمان لەگەڵ بوو، ئەگەر تاوەکو هەفتەی داهاتوو نەدۆزرێنەوە، تەکنیکی 'ئەسکلەی موگناتیسی' بەکار دەهێنین، بە ئامانجی ئەوەی سوودی هەبێت."
 
ئەسکەلەی موگناتیسی، پارچە موگناتیسێکی گەورەیە کە بە بەرزکەرەوە شۆڕ دەکرێتەوە نێو ئاو بو هەر پارچە ئاسنێک لە نزیکییەوە بێت، کێشی دەکات.
 
شەوی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، نزیک کاژێر 10:00ی شەو لەسەر رێگەی هامڵتن و لە نزیک (کانی ماران) لە گەلی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو قووڵایی رووبارەکە هەڵدێرا.
 
لە کاتی رووداوەکەدا، شۆفێرەکە و ژنێک رزگاریان بوو، بەڵام سێ منداڵ بە ناوەکانی (ئادەم خورشیدی 3 ساڵ، لاوەند خورشیدی 7 ساڵ و مینا عیسای 17 ساڵ) پێکەوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا نووقم بوون.
 
دوای چوار رۆژ لە گەڕان، لە رۆژی 05ـی ئایاری 2026 و دەوروبەری کاژێر 06:00ی ئێوارە، تەرمی یەکێک لە منداڵەکان دۆزرایەوە کە ناوی (لاوەند خورشید) بوو و تەمەنی 7 ساڵ بوو، تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوای دوو منداڵەکەی دیکە و ئۆتۆمبێلەکەدا بەردەوامە.