ئەو کەسانەی بە ماتۆڕسکیل پاسێکی گەشتیارییان لە کەلار راگرت، دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسایشی گەرمیان ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە شەوی رابروو پاسێکی گەشتیارییان "بێزار" کردبوو.

ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، تێیدا چەند گەنجێک بە ماتۆڕسکیل دەیانەوێ پاسێکی گەشتیاریی هاووڵاتییانی عەرەب لە کەلار رابگرن.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "شەوی رابردوو دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، توانرا لە کەمترین ماوەدا ئەو تۆمەتبارانەی کە بەماتۆڕسکیل بوون بەهۆی بێزارکردنی پاسێکی گەشتیاری لە شاری کەلار دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، پاسەکە شەوی رابردوو گەیشتووەتە قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی. بەگوێرەی ڤیدیۆکان، لەنێو شاری کەلاردا چەند کەسێک بە ماتۆڕسکیل دەیانەوێ شۆفێری پاسەکە ناچاربکەن بووەستێت و ئەویش تاوەکو نێو بازاڕی شارەکە بەردەوام دەبێت.
 
بەشێکی پەیجە عەرەبییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەوڵەکە رێگری بووە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە لە سۆشیاڵ میدیا شتێکی دەڵێن و ئاماژە بەوەدەکەن کە "گەشتیارەکان لە جامی پاسەکەوە زبڵیان فڕێداوە و بەشێکی زبڵەکە لە ماتۆڕسوارەکانی داوە."
 
پێش راگەیێندراوەکەی ئاسایش، عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو شەقامەکان کامێرای چاودێرییان تێدایە و کەس لەنێو شاردا ناتوانێ رێگری لە کەس بکات".
 
عەقید سۆران محەممەد گوتی، "شۆفێرەکە کەلاری جێهێشتووە و بڕیارە دوای دابەزاندنی گەشتیارەکانی بگەڕێتەوە و سکاڵا تۆمار بکات."
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، "رۆژانە سەتان پاسی گەشتیاری لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە کەلار و بە کەلاردا تێدەپەڕن، هەرگیز ئاستەنگییەک نەهاتووەتە رێگەیان، بۆیە گومانمان لە هۆکار و چۆنێتی رووداوەکە هەیە و بۆ پاراستنی هەموو گەشتیارێک رێکارە پێویستی و یاساییەکان دەگیرینەبەر".