مەلا بەختیار : پەکەکە گەریلا لە رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە دووربخاتەوە و پارتی خۆی پشوو درێژتر بکات
رووداو دیجیتاڵ
مەلا بەختیار دەڵێت، پەکەکە دوای (37) ساڵ نەیتوانیوە سەنگی سیاسی-گەریلایی بباتەوە سەنگەری راستەقینەی خۆی کە باکووری کوردستانە. ئەوەش بە مایەی زیان بۆ خەباتی رزگاریی مەدەنی باشووری کوردستان ناودەبات و داوایان لێدەکات "گەریلا لە رووبەڕووی پێشمەرگە دووربخەنەوە" و لە هەمانکاتیشدا داوا لە پارتی دەکات، "خۆی پشوو درێژتر" بکات.
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا بە ناونیشانی "پەیامێکی کراوە دەربارەی دۆخی p.k.k و باشووری کوردستان رایدەگەیێنێت: "6 پێشمەرگە بوونەتە قوربانی کە ئەگەر (p.k.k) ئەم کارەی کردبێت، (کە تا ئێستا رەتیدەکاتەوە) تاوانێکی گەورەی ئەنجام داوە. لەگەڵ ئەوەشدا.. گریمان سەلمێنرا (p.k.k) تاوانەکەی کردووە، دەی لەم کاتەدا، حیکمەتی جەنابی مەسعود بارزانی و پارتی و حکومەتی کوردستان، لەو دەڤەرەدا لەوەدایە، نەهێڵن ئەم داچۆڕانەی خوێن، بکرێتە جۆگەلەی خوێنی کورد بە کورد بەکوشتدان. با ئەمجارەش، خوێنی رۆڵەکانی باشوور، وەکو قوربانی کوردایەتی سەیر بکرێ و بکرێنە قەزاوەگێری راوەستانی قوربانی تر".
مەلا بەختیار بە پێویستی دەزانێت "p.k.k بیر لە چارەسەری عەسکەری-سیاسی بکات و گەریلا لە هێڵی رووبەڕوبونەوەی پێشمەرگە و ئیدارەی بناری قەندیل-گارا، دور بخاتەوە و خەڵکەکەشی لە بۆردوومانی فڕۆکەی ناتۆ سەرفراز بکات".
هەروەها داوا لە پارتی دەکات: "پشووی درێژتر بکات و سیاسەتی سەنگینی خۆی بەرامبەر ئەو دۆخە، کە ساڵانی رابردوو، پەیڕەوی کردووە، لەدەست نەدات".
لە درێژەی پەیامەکەیدا مەلا بەختیار روودەکاتە حیزبە کوردستانیەکان، لە پێشەوەدا یەکێتی و گوڕان، کە لە حکومەتدان، و دەڵێت: "هەقە هەڵوێستیان یەك بخەن، بۆ رێگرتن لە روودانی نەخوازراوی شەڕێکی دیکەی ناو ماڵی کورد. ئەگەرنا، کە شەڕ قەوما، تەواوی حیزبەکان، لە پێشەوەدا ئیدارەی یەکگرتووی کوردستان، باجەکەی دەدەن".
دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار
پەیامێکی کراوە دەربارەی دۆخی p.k.k و باشووری کوردستان
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان (پلاسخارت)و هەندێک لە چاودێرە سیاسیەکان، زەنگی مەترسییان لەسەر هەرێمی کوردستان، لێداوە. ئێمەش لە (13-7-2016) لە زانکۆی سلێمانی لە کۆڕی (سازان یان ترازان) باسی پیلانمان لەدژی بەشەکانی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان کردووە. مەخابن، ساڵەها تێپەڕی، چارەسەر بۆ کێشە مەترسیدارەکانی ناوخۆیی نەدۆزرایەوە. بە تایبەتی لە نێوان یەکێتی و پارتی. هەروەها لە نێوان پارتی و p.k.k. لە رۆژئاوای کوردستانیشدا، لەنیوان پەیەدە و ئەنەکەسە.
ئەگەری دەستێوەردانی ئیقلیمی لە باشووردا، ئەگەر بە حوکمی بەرەسمی دانپیانان بە فیدراڵیەت، دەستووری هەمیشەیی، بازرگانی و ئابووری هەرێم و دەوروبەر کەمتر بوبێ.. بێگومان، تورکیا لەگەڵ گەریلاکانی باکوور لەشەڕدایەو تورکیاش ئەزمونی (200) ساڵەی دووژمنایەتی کوردی هەیە. لە پیلانگێڕانیشدا کارامایە.
پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکانی دەوروبەر، مافی خۆمانە بیپارێزین و ئەنجامە ئەرێنییەکانی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و کوردستان و عێراقیش، دەرکەوتووە. بەڵام تورکیا، بە حوکمی ئەوەی سوورە لەسەر نەسەلماندنی مافی دیموکراسی-نەتەوەیی کوردستان، تەنانەت سوورە لەسەر ئەوەی یاسای لێبوردنیش بۆ گەریلا دەرنەکات، بەڵکو وەکو زەمانی حکومەتی پاشایەتی عێراقیش ئامادە نییە دان بە زمانی کوردیدا بنێ. هەموو چەشنە دەستپێشخەرییەکی ئاشتیش بۆ چارەسەری سیاسی رەتدەکاتەوە. لە ساڵی (1993-1994) لە زەمانی مەرحوم تورگوت ئۆزالەوە، سەرۆک مام جەلال ئاسۆی ئاشتی پیشانی تورکیا دا و جەنابی ئۆجەلانیش شەڕی یەک لایەنەی چەندجارێک، لەسەر داوای مام جەلال راگرت. بەڵام لەوساوە، (30) ساڵی رەبەقە خوێنڕشتن و ماڵوێرانی بەردەوامە. زیندانەکان هەتادێن زیاتر دەکرێنە قوتابخانەی ئازادیخوازان! کۆخەمی گەورەی زیندانیەکانیش سەلاحەدین دەمیرتاشە.
جەنابی مەسعود بارزانی!
بەڕێزان.. هاوسەرۆکی (p.k.k)!
رای گشتی کوردستان!
پشتیوانانی کوردستان!
ئاشکرایە، هێزە سیاسی-چەکدارەکان، کاتێک کێشە سیاسیەکانیان چارەسەر ناکەن، لەدوا ئاکامدا، پەنا بۆ چەک دەبەن. بە تایبەتی لە کوردستانێکی گەمارۆدراودا، کە کێشەی دیموکراسی-نەتەوەیی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. دوژمنانیشی بەدەوام لە پلانگێڕاندان.
-لەساڵی (1992) یەکێتی و پارتی، شەڕیان لەگەڵ (p.k.k) تاقیکردەوە بێهودە بوو.
-یەکیتی و p.k.k، شەڕیان دژی یەکدی کرد، هەمان ئەنجامی هەبوو.
-دوای ئەوە، پارتی و p.k.k شەڕیان تاقیکردەوە، دیسان بێهودە بوو.
بێگومان (p.k.k) دوای (37) ساڵ نەیتوانیوە سەنگی سیاسی-گەریلایی بباتەوە سەنگەری راستەقینەی خۆی.. کە باکوری کوردستانە. ئەمەش مایەی زیانە بۆ خەباتی رزگاری مەدەنی باشوور. چونکە، تاقیکردنەوەی تەنانەت دۆخێکی وەکو ئەنفالیش، کە تاقە گوندێکی کوردستان نەمابوو؛ رژێمی فاشی عێراقیش لە تورکیا کەمتر لە سەرکوتکردنی پێشمەرگە شارەزا نەبوو؛ کەچی پارتیزانەکانی بەرەی کوردستانی، توانیان درێژە بە چالاکی بدەن، p.k.k بۆ تائێستا نەیتوانیوە؟ ئەمەیان لە روانگەی ئێمەوە، پەیوەندی بە ستراتیژی چەکداریەوە، دوای جەنگی سارد هەیە. کە سەراپا پیاچوونەوەی پێویستە. خەباتی راپەڕین و مەدەنییەتی شارەکان بۆتە ستراتیژی دیموکراسی.
بەڕێزان!
لەم دۆخە ئاڵۆزەدا (6) پێشمەرگە دەبنە قوربانی. کە ئەگەر (p.k.k) کاری وای کردووە، (کە تا ئێستا رەتیدەکاتەوە) تاوانێکی گەورەی ئەنجام داوە. لەگەڵ ئەوەشدا.. گریمان سەلمێنرا (p.k.k) تاوانەکەی کردووە، دەی لەم کاتەدا، حیکمەتی جەنابی مەسعود بارزانی و پارتی و حکومەتی کوردستان، لەو دەڤەرەدا لەوەدایە، نەهێڵن ئەم داچۆڕانەی خوێن، بکرێتە جۆگەلەی خوێنی کورد بە کورد بەکوشتدان. با ئەمجارەش، خوێنی رۆڵەکانی باشوور، وەکو قوربانی کوردایەتی سەیر بکرێ و بکرێنە قەزاوەگێری راوەستانی قوربانی تر. بە هەموو شێوەیەک، هیچ لایەک نەکەوێتە ناو داوی دەوروبەر، بۆ زیاتر خوێن رشتن. چونکە ئەنجامەکەی بێهودەیە.
پەرلەمانی کوردستان و عێراق، لیژنەیان ناردوە، چاوەڕێ بکەین ئەنجامەکەی رابگەیەنن. لەبەر رۆشنایی ئەنجامەکەی، بەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە بیر لە چارەسەر بکرێتەوە. نەک بیری تۆڵە سەندنەوە زاڵبێ بەسەر دۆخەکەدا.
بەڕێزان!
دوای ئەم روداوە، لە پێشەوەدا پێویستە p.k.k بیر لە چارەسەری عەسکەری-سیاسی بکات و گەریلا لە هێڵی رووبەڕوبونەوەی پێشمەرگە و ئیدارەی بناری قەندیل-گارا، دور بخاتەوەو خەڵکەکەشی لە بۆردوومانی فڕۆکەی ناتۆ سەرفراز بکات. ئینجا پارتی، پشوی درێژتر بکات و سیاسەتی سەنگینی خۆی بەرامبەر ئەو دۆخە، کە ساڵانی رابردوو، پەیڕەوی کردووە، لەدەست نەدات.
هەموو لایەکیش بیر لە چارەسەری ئاشتی کێشەی باکوور بکاتەوە. بە تایبەتی، تورکیا ئێستا، لەگەڵ میسر، یۆنان، لیبیا، عێراق، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، سەرقاڵی پیاچونەوەیە بە سیاسەتەکانی رابردووی، بە ئامانجی چاککردنی نێوانیان. هەر تورکیا، چەکدار بۆ سوریا و لیبیا بۆ پشتیوانی هێزی چەکداری داردەستی خۆی دەنێرێ، کەچی لە باکووری کوردستاندا، ئامادە نییە دانوستان بکات!!
حیزبە کوردستانیەکانیش، لە پێشەوەدا یەکێتی و گوڕان، کە لە حکومەتدان، هەقە هەڵوێستیان یەك بخەن، بۆ رێگرتن لە روودانی نەخوازراوی شەڕێکی دیکەی ناو ماڵی کورد. ئەگەرنا، کە شەڕ قەوما، تەواوی حیزبەکان، لە پێشەوەدا ئیدارەی یەکگرتووی کوردستان، باجەکەی دەدەن.
بەڕێزان!
بەدرێژایی دامەزراندنی حکومەتی عێراق، دەسەڵاتەکانی عێراق، بەرپرسیار بوون لە چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردستان.. بێگومان لە تورکیا و باقی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، هەر حکومەتەکانن، کێشەی دیموکراسی کوردستان چارەسەر ناکەن. بۆیە، تکایە، دەرسەکانی مێژووی خۆمانمان بیرنەچێ. بە دڵنیایەوە، کێشەی باکووریش، لەدوا ئاکامدا، شەڕی خوێناویتریش رووبدات، خۆ لە ئەنفالکردنی باشوری کوردستان و کیمیاباران کردن، تراژیدیتر نابێ.. هەر دەشگاتە چارەسەر.
ئومێدەوارین.. چارەسەرکردنی کورد-کورد، پێش چارەسەرەکانی حکومەت_ کورد بکەوێ.
لەگەڵ رێزی
مەلا بەختیار
9/ حوزەیرانی/2021
سلێمانی