لە سلێمانی تەقە لە کەسێک دەکرێت و بریندار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەبەردەم نووسینگەی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لەسەر شەقامی 60 مەتریی سلێمانی تەقە لە کەسێک دەکرێت و بە چەند گولـلەیەک بریندار دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسە بریندارە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
بەپێی زانیاریی شایەتحاڵان کە قسەیان بۆ رووداو کرد، ئەو کەسەی تەقەی لێکراوە ناوی هەڤاڵ حوسێنە و تەمەنی نزیکەی 40 ساڵانە، زیاتر لە دوو گولـلەی بەرکەوتووە.
بەشێکی زۆری ئەندامانی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا خەڵکی باکووری کوردستانن و بەشداری لە چالاکییە مەدەنییەکان و خۆپێشاندان و سەرکۆنەی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن. رێکخراوەکەش وەکو رێکخراوێکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دادەنرێت
ساڵی رابردووش، زەکی چەلەبی، سەرۆکی رێکخراوەکە کە رێستۆرانتی هەبوو، لە شەقامی بەختیاریی سلێمانی تەقەی لێکرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.