ڤیان سەبری: جگە لە یەکێتی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژ بە مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگاکانن لەگەڵ بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، جگە لە یەکێتی، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژ بە بڕگەی تایبەت بە مامەڵەکردنی سەربەخۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدان و بە "نادەستووری" دەزانن.
رۆژی هەینی 09-06-2023، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت، لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی تا رادەیەک رێککەوتن کراوە و لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوو چەند مادەیەک تێپەڕێندران.
د. ڤیان سەبری جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت گۆڕانکاری لە پێشنیازەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ماددەکانی 13 و 14 بکرێت کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.
لە گۆڕانکارییەکانی ماددەی 14دا، بڕگەی 9، هەرێمی کوردستان بە خەرجکردنی شایستەکانی دارایی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە پشتپێبەستراوەکان لەم یاسایە و دادپەروەری و بێ جیاکاری پابەند دەکات، بەپێچەوانەوە حکومەتی فیدراڵی پشکی پارێزگای ناڕازی بەپێی ئەم یاسایە دەبڕێت و راستەخۆ رادەستی پارێزگا ناڕازییەکەی دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە یەکێتی، دژ بە بڕگەی 9ی ماددەی 14ی پڕۆژەیاساکەن و ''هەموومان سوورین لەسەر ئەوەی ئەم بڕگەیە نادەستوورییە و نابێت لە نێو رەشنووسەکەدا بمێنێت، چونکە مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت.''
بەگوتەی د. ڤیان سەبری، فراکسیۆنەکانی پارتی، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ دژ بەو بڕگەیە لە ماددەی 14ەن، بەڵام ئەگەر یەکێتی دەنگی پێ بدات و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش پشتگیری بکات، ئەوە رەنگە بە زۆرینەی دەنگ بڕگەکە پەسند بکرێت.
لیژنەی دارایی بڕگەیەکی لە ماددەی 14 سەبارەت بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران زیاد کردووە کە هەرێمی کوردستان بە دانەوەی مانگانە 10٪ی ئەو پاشەکەوتە ئەرکدار دەکات، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەوبارەوە گوتی: ''ئەگەر بکرێت دەبێت لە رێگەی گواستنەوەی خەرجییەکان بکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی. راستە ئەمە شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام دەبێت لە رێگەی گواستنەوەی خەرجییەکان، لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پارەی بۆ دیاری بکرێت.''
ئەوە تەنیا فراکسیۆنە کوردستانییەکان نین کە لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەدا ناکۆکییان هەیە، بەڵکو لایەنە شیعە و سوننەکانیش ناکۆکن و هەندێکیان داوای گواستنەوەی خەرجییەکان لە پشکی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەکەن، د. ڤیان سەبری ئاشکرای کرد، ناکۆکیی ئەوانیش تەواو نەبووە و رەنگە ئەمڕۆش هەر درێژەی هەبێت.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە (2023، 2024 و 2025)، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕەش زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.