لە مەریوان کەسێک زیاتر لە 2.2 ملیۆن دۆلاری خەڵکی دەبات


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ''فێڵباز"ـێکیان دەستگیرکردووە 130 ملیار تمەن (زیاتر لە 2.2 ملیۆن دۆلار)ی خەڵکی بردووە.
 
عەلی ئازادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: ''دوای تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر سکاڵا لەسەر کەسێک لە شاری مەریوان کە گوایە فێڵی لە خەڵک کردووە و پارەی بردوون، بە هاوئاهەنگیی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە بەدواداچوونمان بۆ دۆسیەکە دەستپێکرد.'' 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە گوتی، ئەو کەسە بە ناوی فرۆشتنی موڵک و زەویوزار، پارەی لە خەڵک وەرگرتووە، بەڵام فێڵی لێکردوون، تائێستاش 180 سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
 
بەگوتەی عەلی ئازادی، دوو ساڵە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە و دوێنێ شەممە 08-06-2024، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستگیرکراوە: ''دانی بەوەدا ناوە کە 130 ملیار تمەن (زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار دۆلار)ی خەڵکی خواردووە."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی سنە ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبار بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کراوە و بەدواداچوونی زیاتر بۆ دۆسیەکەی دەکرێت.