رووداوێکی هاتووچۆ لە ئاکرێ روویدا و 7 کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئاکرێ پێکدادان لە نێوان دوو تاکسیدا روویدا. بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ دەڵێت، حەوت کەس بریندارن.
 
رێکەوت زوهێر، گوتەبێژی هاتووچۆی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی باشقاڵ ئاغا لە ئاکرێ، پێکدادان لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی روویدا و بەهۆیەوە 7 کەس بریندار بوون."
 
وەک گوتەبێژی هاتووچۆی ئاکرێ ئاماژەی پێدەکات، "پێکدادانەکە لە سێڕیانی نزیک بازگەی کۆنی باشقاڵ ئاغا روویداوە؛ هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچە و رێگەکە ئاڵۆزە و شۆفێرەکانیش بەخێرایی لێیان خوڕیوە."
 
د. سەروار موسڵیح، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، "هەر حەوت بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ کراون و دۆخی تەندروستییان جێگیرە."
 
د. سەروار گوتیشی، "دوای تەواوبوونی رێکارە پزیشکییەکان، سەرجەم بریندارەکان رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە."