ژینگەپارێزیی هەولێر: لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە 700 تۆن پاشماوەی قوربانی کۆکراوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر دەڵێت، لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە 700 تۆن پاشماوەی قوربانی کۆکراوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشێک لە هاونیشتمانییان پابەندی جێبەجێکردنی رێنوێنییەکان نابن."
 
رۆژی دووشەممە 9ی حوزەیرانی 2025 ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سێ رۆژی جەژنی قورباندا 765 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی کۆکراوەتەوە. پێشبینی دەکەم ئەمڕۆ نزیکەی 200 بۆ 250 تۆنی دیکە کۆبکەینەوە و بەو جۆرە بڕەکە بەگشتی دەگاتە نزیکەی 1000 تۆن."
 
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر گوتی، "پێش جەژن هاونیشتمانییانمان ئاگادار کردەوە کە نابێت پاشماوەی ئاژەڵان لە شەقام و کۆڵانەکان فڕێبدرێت، تەنانەت 24 شوێنی تایبەتمان بۆ پاشماوەی ئاژەڵانی قوربانی دیاریکرد، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان رێنوێنییەکانیان جێبەجێ نەکردووە."
 
دوێنێ بەرپرسێکی قایمقامیەتی هەولێر بە رووداوی گوت، "لە یەکەم و دووەم رۆژی جەژندا 10 کەس بە تۆمەتی سەرپێچیکردنی رێنوێنییەکان، سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنی گشتی و بە شێوازی ناتەندروست دەستبەسەر کراون."
 
رۆژی 04-06-2025 رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونەوە کۆمەڵێک رێکاری نوێیان بۆ قوربانیکردن لە جەژندا دەرکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.