تەواوی دانیشتووانی گوندێکی بەردەڕەش لە وزەی خۆر کارەبا دابین دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە گوندی شەمسەخڕی سەر بە قەزای بەردەڕەش، چی دیکە دەنگی بزوێنەری موەلیدەکان نابیسترێن. تەواوی دانیشتووانی گوندەکە لە وزەی خۆر کارەبایان دابین کردووە.
 
یەکەم کەس کە ئەو سیستمەی داناوە، مەلا مەسعوود جەرجیس، گوتارخوێنی گوندەکەیە. دوای ئەوەی دانیشتووانی گوندەکە بینیویانە سیستمێکی سەرکەوتوو و بێ کێشەیە، ئەوانیش چاویان لێکردووە و ئێستا سەرجەم ماڵەکان سیستمەکەیان داناوە.
 
مەلا مەسعوود جەرجیس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی دوو ساڵە دامناوە، هیچ کێشەی کارەبام نییە، کە خەڵکی گوندیش بینییان ئەو کارە سەرکەوتوو بوو، وەک خۆتان دەیبینن ئێستا موەلیدەمان نەماوە و کارەبای سەربەخۆمان هەیە، 24 کاژێر کارەبامان هەیە."
 
هەر ماڵێک لە گوندەکە بەپێی پێداویستیی خۆی سیستمی وزەی خۆری داناوە و هیچ پێویستییەکیان بە کارەبای موەلیدە نییە.
 
بەحری ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی گوندی شەمسەخڕ و باس لە سوودەکانی سیستمەکە دەکات: "وەسف ناکرێت، تاوەکو داینەنێیت، ئینجا دەزانی چ نیعمەتێکە. نە کارەبا دەبڕێت، نە خەرجی هەیە. تەنیا خەرجییەکەی کاتی دانانیەتی. نە گازی دەوێت، نە رۆنی دەوێت. هەر کە داتنا، ماشەڵڵا 24 کاژێر کارەبات هەیە و بێمنەتیت لە کارەبا."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک، تەنیا 125 هاوبەش بە فەرمی ناوی خۆیان تۆمار کردووە کە سیستمی وزەی خۆریان بەکاردەهێنن، بەڵام بەرپرسانی کارەبا دەڵێن، ژمارەکە لە راستیدا زۆر لەوە زیاترە.
 
ئەندازیار حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک بە رووداوی گوت: "زۆر گرنگە خەڵکی ئێمە هەمووی روو لەم سیستمانەی وزە سروشتییەکان بکەن، چونکە بۆ نموونە ئەگەر باسی سەرچاوەکانی کارەبامان بکەین، وێستگەی هەزار مێگاواتیی کواشێ ساڵانە ملیۆنان تەن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) بەهۆی کارکردنییەوە دەخاتە نێو کەشوهەواوە. هەر سیستمێکی وزەی خۆر کە دابنرێت، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو گازە زیانبەخشە لە ژینگەکەماندا."
 
بەپێی ئەو رێککەوتنەی دانیشتووانی گوندەکە لەگەڵ کۆمپانیا جێبەجێکارەکان کردوویانە، گرەنتیی پاترییەکانی سیستمەکە پێنج ساڵە و پانێڵەکانیش 15 ساڵە.