گوندی سرێشمە 25 ماڵی تێدایە و 25 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی

 
رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتووانی گوندی سرێشمەی باڵەکایەتی دوای جەژنەپیرۆزەیان لە یەکدی هەموویان پێکەوە لە مزگەوت نانی بەیانی دەخۆن. ئەو گوندە ژمارەی ماڵەکانی 25ـە و هەموو ماڵێک ئاژەڵێک دەکاتە قوربانی، پڕۆسەکەشیان بەهەرەوەزیە. شارەزان و هەموویان کاری قەسابی دەزانن.
 
شوان محەممەد، مامۆستای ئایینی گوندی سرێشمەیە و گوتی، ئاژەڵەکان 24 سەر بزنن، یەک دانە مانگایە کە دەکرێنە قوربانی و ژمارەی ماڵەکانی گوندیش 25 ماڵن، گۆشتێکی باش بەر دانیشتووان دەکەوێت و هەموو ماڵێک چەند کەسن یان نا بەشە قوربانییەکەیان وەک یەکە. 
 
بەر لەوەی دەست بە پڕۆسەی دابەشکردنەکە بکرێت، ماڵەکانی گوند جەرگ و بەز بۆ خوانی نیوەڕۆ ئامادە دەکەن. لەگەڵ نوێژی بەیانی پیاوەکانی گوند چوونەتە نوێژی جەژن و دواتریش بە کوشتنەوەی ئاژەڵ ماندوون پێویستە نیوەڕۆ خواردنێکی چەور و بەلەزەت بخۆن. 
 
تەواوی گۆشتی قوربانییەکە 501 کیلۆگرامە، دابەشی سەر 25 ماڵ دەکرێت. گۆشتەکەیان خۆماڵییە و دابەستەی بازاڕنین، 21 ماڵی گوند ئاژەڵدارن و گۆشتەکە بەرهەمی لە وەڕگەی گوندەکەیانە
 
ئەحمەد مستەفا، موختاری گوندەکەیە و گوتی، "شوکر بۆ خودا لە گوند خاوەن ئاژەڵدار زۆرن و ئەوانەی ئاژەڵیان نییە هەر لێرە دەیکڕن. گۆشتەکەمان دەرمانە نەک لە بازاڕ کڕیبێتمان و نەزانین ئاژەڵەکە بەچی گەورە کراوە." 
 
بە نزیکەی چوار کاژێر پڕۆسەکەیان تەواوکرد، بەشی هەموو ماڵێک دیاریکرا، تاوەکو پڕۆسەکە تەواوبوو گوند چوار میوانیشی بۆ هاتن و بە دەستی پڕ گەڕانەوە.