80 تراکتۆری بچووک بێبەرامبەر بەسەر خاوەن باخەکانی هەڵەبجەدا دابەشکران


رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵەبجە 80 تراکتۆری بچووک بەسەر خاوەن باخەکانی سنوورەکەدا دابەشکران؛ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، رێکخراوێک بێبەرامبەر تراکتۆرەکانی دابینکردووە و ئەوانیش بە تیروپشک دابەشیان کردوون.

رۆژی یەکشەممە، 9ـی تەممووزی 2023، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ 80 تراکتۆری بچووکمان بەشێوەی تیروپشک بەسەر خاوەن باخەکانی سنوورەکەدا دابەشکرد".
 
تراکتۆرەکان بێبەرامبەر لەلایەن رێکخراوێکی بیانییەوە دابینکراون. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ئەوان مەرجیان بۆ خاوەنی باخەکان ئەوە بووە کە زەویی باخەکانیان لە سێ دۆنم کەمتر نەبێت و ئەوەی لەو بڕە کەمتر بووبێت، تراکتۆری پێ نەدراوە.
 
ستار مەحموود گوتی، تراکتۆرەکە بچووکە و بۆ کێڵانی نێو باخ بەکاردێت؛ توانای ئەوەشی هەیە عارەبانەیەکی لێ ببەسترێت و بۆ گواستنەوەی بەرهەم لەنێو باخدا بەکاربهێندرێت.
 
ئەو تراکتۆرە بچووکەی بێبەرامبەر دابەشی سەر خاوەن باخەکانی هەڵەبجە کراوە، لە بازاڕەکاندا نرخی هەر یەکەیان لەنێوان 800 بۆ 900 دۆلارە.