پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێکمان دەستگیر کرد ژنێک و سێ منداڵی ژنەکەی زیندانی کردبوو
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە ژنێک و سێ منداڵی ژنەکەی زیندانیی کردووە و ئەشکەنجەی ژنەکەی داوە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، ژنەکە و پیاوەکە خزمی یەک نین و تەنیا یەکیان ناسیوە.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی ژنێك و دەستبەسەركردنی 3 منداڵی ژنەکە، تۆمەتبارێكیان دەستگیر کردووە.
لەوبارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو تۆمەتبارە هیچی ژنەکە نەبووە؛ یەکتریان ناسیوە و دیارە ناکۆکییەک لەنێوانیان دروستبووە و پیاوەکە هەستاوە بە زیندانیکردنیان".
نەقیب سەرکەوت گوتی، پیاوەکە ژنەکە و سێ منداڵی ژنەکەی بردووەتە ماڵی خۆی و لەوێ هەموویانی زیندانی کردووە و "ئەشکەنجەی ژنەکەی داوە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، ژنەکە لە شوێنێک کار دەکات و دوای ئەوەی رۆژێک نەچووەتە سەر کارەکەی، خاوەن کارەکە گومانی لادروستبووە و گومانیش تەنیا لەو تۆمەتبارە بووە کە ئێستا دەستبەسەر کراوە. گوتیشی، "بەشوێن گومانەکاندا رۆشتین و توانیمان ژن و منداڵەکان لەماڵی پیاوەکەدا رزگار بکەین و تۆمەتبارەکەش دەستگیربکەین".
تۆمەتبارەکە ناوی (س، ر، س)ـە و لەدایكبووی 1992ـە و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.