لە گەرمیان بازرگانێکی مادەی هۆشبەر و باندێکی دزیکردن دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بازرگانێکی مادەی هۆشبەر و باندێکی چوار کەسیی دزیکردن دەستگیر دەکات و دەست بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و 90 کارتۆن جگەرەی دزراو دەگرێت.
رۆژی یەکشەممە، 09-07-2023، عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستگیرکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەری راگەیاند، کە خۆیشی بەکاربەری مادەکەیە.
وەک عەلی جەمال قدووری دەڵێت، تۆمەتبار لەلایەن کەسێکی ئێرانییەوە کە ئەویش دەستگیر کراوە، مادەی هۆشبەری بە دەست گەیشتووە و لە سنووری کەلار و گەرمیاندا ساخی کردووەتەوە،بەڵام لە چالاکییەکی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، ئەو تۆمەتبارە بە 251 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، تریاک و کۆمەڵێک کەرەستەی بەکارهێنەری مادەکە دەستگیرکراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەو کەسە ئەندامی باندێکی دزیکردنە کە پێشتر 150 کارتۆن جگەرەیان دزی بوو و لە بازاڕی کەلار هەوڵی ساخکردنەوەیان دەدا.
بەگوتەی عەلی جەمال قدووری، چوار کەسی دیکەش لەسەر دۆسیەی دزینی جگەرە دەستگیرکراون، کە دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و دەست بەسەر زیاتر لە 90 کارتۆن جگەرەشدا گیراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکراشی کرد، هەر لەسەر دۆسیەی دزینی جگەرە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسی دیکەش دەرچووە و بەدواداچوونی ورد بۆ بابەتەکە دەکرێت.
بەپێی ئامارێکی بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی نههێشتنی مادە هۆشبهرهكان، لە سێ ساڵ و شەش مانگی رابردوودا دەست بەسەر هەزار و 217 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و پێنج هەزار و 419 کەسیش دەستگیرکراون.