وەزارەتى پلاندانى عێراق نەخشەى سنوورى یەکە کارگێڕییەکانى پارێزگاى هەڵەبجەى پەسند کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پلاندانى عێراق نەخشەى سنوورى یەکە کارگێڕییەکانى پارێزگاى هەڵەبجەى پەسند کرد. بەگوێرەى ئەو وەزارەتە، ئەو هەنگاوە بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجەیە کە لە ناوەندى پارێزگاکە و چوار ناحیە پێکدێت.
9ى تەمموزى 2023، وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانی عێراق نەخشەى کۆتایی سنوورى کارگێڕى قەزا و ناحییەکانى پارێزگاى هەڵەبجەى پەسند کردووە، ئەوەش لەچوارچێوەى رێوشوێنەکان بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە.
وەزارەتى پلاندانان ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو هەنگاوە رێوشوێنێکی تەکنیکی پێویست بووە بۆ بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 31ى پەرلەمانى عێراق و بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 31ى ئادارى 2023.
رۆژی 3ى نیسانى 2023 پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە کرد، کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە پەسند کرابوو و نێردرابوو بۆ پەرلەمان.
وەزارەتى پلاندانانى عێراق دەڵێت، بەگوێرەى نەخشەى پەسندکراوى یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاى هەڵەبجە، شارى هەڵەبجە ناوەندى پارێزگاکە دەبێت و ژمارە 16ى پێدەدرێت لەنێو رێبەرى پارێزگاکانى عێراق و چوار ناحیە لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسند کرا، بە نووسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 14-03-2023 رەوانەی پەرلەمان کرا.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێوەڕۆکی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد.