بافڵ تاڵەبانی: داوای لێبووردن لە شاندی پارتی دەکەم بەبێ ماڵئاوایی جێمهێشتن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای ئەوەی لە پیرمام بە تووڕەییەوە بۆ میدیاکان قسەی کرد و شوێنی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر باسی لە بەردەوامی کۆبوونەوەکان کرد و گوتی، "داوای لێبووردن لە شاندی پارتی دەکەم کە بەبێ ماڵئاوایی جێمهێشتن، لەبەرئەوەی میدیاکاران خەریکبوو پانم بکەنەوە."
رۆژی یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە سەرۆکایەتیی شاندی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی لە پیرمام لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەوە رێککەوتین کە لێدوانمان لەسەر کۆبوونەوەکان نەبێت."
بافڵ تاڵەبانی بە تووڕەییەوە پیرمامی بەجێهێشت و بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکارەکەی بۆ لێدوانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گەڕاندەوە و گوتی، ئەوە سیاسەتی فەرمی پارتی نییە و ئەوان هیچکات لەسەر بنەمای کورسی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی ناکەن.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "ئێمە کۆڵنادەین و بەردەوامدەبین، چەند هەفتەیەکە قسەی ناتەندروست و بێ بنەمای دوور لە بەرپرسیاریەتی دەکرێت، ئێمە نە گوێ بەم شتانە دەدەین و نە کاریگەریشی لەسەرمان هەیە، زمانی تێکدەر هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەرمان و بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان، میللەتی کورد چاوەڕێمانە و کۆڵنادەین."
بافڵ تاڵەبانی هۆکاری ماڵئاوایینەکردن و جێهێشتنی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام بۆ پاڵەپەستۆی رۆژنامەنووسان گەڕاندەوە و رایگەیاند، "داوای لێبووردن لە شاندەکەی پارتی دەکەم کە بەبێ ماڵئاوایی جێمهێشتن، لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسان پانیان کردمەوە."