لیستی مووچەی مانگی شەش راگەیێندرا و لە دوو رۆژدا مووچە دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی راگەیاند. بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی، لە دوو رۆژدا سەرجەم وەزارەت و دەستەکان، جگە لە هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، مووچەی مانگی شەش وەردەگرن.
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سبەی چوارشەممە 10ی تەممووز ئەم شوێنانە مووچەی مانگی شەش وەردەگرن: وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، ب. گشتی رەگەزنامە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە 11ی تەممووز، وەکو لە لیستەکەدا هاتووە، ئەم شوێنانە مووچەی مانگی حوزەیران وەردەگرن: وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، پلاندانان، رۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
هەروەها وەزارەتەکانی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی مووچەکەدا نین، وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە دەڵێت، "تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە."