ئەو 7 گەنجە کوردەی لە لیبیا دەستگیر کرابوون، دەگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 10ی تەممووزی 2025 ئەو 7 هاونیشتمانییەی لە لیبیا دەستگیر کرابوون لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 03:05 خولەکی بەرەبەیانی سبەی پێنجشەممە 7 گەنجە کوردەکەی لیبیا دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، ئەمڕۆ فڕۆکەکەی ئەو 7 گەنجە کوردە لە لیبیاوە بەرەو عەممان-ی پایتەختی ئوردن بەڕێدەکەوێت.
د. موسەننا ئەمین باسی لەوەش کرد، ئەو گەنجانە لەسەر ئەرکی خۆیان دەگەڕێنەوە و لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە تیکتی فڕۆکەیان بۆ کڕدراوە، بڕیاربوو یەکێکی دیکەش کە لە زیندانییەکی دیکەی لیبیا بوو، بگەڕێتەوە؛ بەڵام بەهۆی دەستنەکەوتی تیکتی فڕۆکە، گەڕانەوەی ئەو دوادەکەوێت.
گەنجەکان کێن؟
ئەو 7 گەنجە هەوڵیانداوە لە رێگەی لیبیاوە بە قاچاخ بچنە ئەورووپا، لە 24ی نیسانی 2025ـەوە پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕا، دوای ئەوەی لە لیبیا لەلایەن "هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا" دەستگیر کران.
ناوی گەنجەکان بەم شێوەیە:
• دیاری فەرهاد مینە (خەڵکی راپەڕین)
• دابان مەجید رەمەزان (خەڵکی راپەڕین)
• ئەحمەد عەبدولڕەحمان ئیبراهیم (خەڵکی راپەڕین)
• کەیوان عەبدوڵڵا ئەحمەد (خەڵکی راپەڕین)
• دیاری محەممەد مەحموود (خەڵکی راپەڕین)
• دانا خدر قادر (خەڵکی راپەڕین)
• بڕیار عوسمان عەلی (خەڵکی پارێزگای هەولێر)
کاروان مەجید، برای یەکێک لە گەنجەکان بەناوی (دابان)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "براکەم و هاوڕێکانی رۆژی 23ی نیسان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە چوونە میسر و لەوێشەوە بۆ لیبیا، تاوەکو لەوێوە بەرەو ئەورووپا کۆچ بکەن. لە 24ی ئەو مانگەوە بێسەروشوێن بوون و تاوەکو دواتر براکەم پەیوەندیی کرد و گوتی لە لیبیا دەستگیر کراوین."