یەکێتیی ئەورووپا: لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ ئەمریکا رێکدەکەوین

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، یەکێتییەکە دەیەوێت "لە رۆژانی داهاتوودا" لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگاتە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی خۆی لە پێناسی گومرگییەکانی ترەمپ بەدوور بگرێت.
 
ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکا نەگاتە رێککەوتن، پێناسی گومرگیی بەرزتر دەگەڕێتەوە و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی بازرگانیی سەخت دێتە ئاراوە.
 
بڕیاربوو پێناسە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 9ـی تەممووزەوە بگەڕێنەوە، بەڵام ئەم هەفتەیە مۆڵەتەکەی تاوەکو 1ـی ئاب درێژکردەوە.
 
ئۆلۆف گیل، گوتەبێژی بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "ئەمریکا مۆڵەتی کۆتاییهێنان بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش بۆ یەکی ئاب گواستووەتەوە، بەڵام ئێمە ئامانجمانە پێش ئەو وادەیە بگەینە رێککەوتن، رەنگە تەنانەت لە رۆژانی داهاتووشدا."
 
گیل گوتیشی: "ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بنەڕەتی نیشانداوە" و روونیکردەوە: "گەیشتن بە رێککەوتن پشت بە ئیرادەی دۆزینەوەی دەرەنجامێک دەبەستێت کە بۆ هەردوولا قبووڵکراو بێت."
 
پێدەچێت رێککەوتنێکی لەم شێوەیە وردەکاریی زۆری تێدا نەبێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستی بە دانوستاندنی زیاتر دەبێت.
 
دیپلۆماتکارانی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێن، کۆمیسیۆنی ئەورووپا کە بەرپرسە لە سیاسەتی بازرگانیی 27 وڵاتی ئەندام، دەتوانێت تاوەکو 1ـی ئاب لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت.
 
دیپلۆماتکارە ئەوروپییەکان ئەم هەفتەیە رایانگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا پێشبینی دەکات ترەمپ پێناسێکی بنەڕەتیی 10% لەسەر کاڵاکانی یەکێتییەکە بهێڵێتەوە، لەگەڵ بەخشینی کەرتە گرنگەکانی وەک فڕۆکە، خواردنەوە کحولییەکان و جوانکاری.
 
گیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، گفتوگۆکان لە هەموو ئاستەکاندا لەنێوان هەردوولادا بەردەوامن. 
 
مارۆس سێفکۆڤیچ، کۆمیسیاری بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی سێشەممە قسەی لەگەڵ هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا کردووە و بڕیارە درەنگی رۆژی چوارشەممە لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ جەیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا بکات.
 
هەرچەندە یەکێتیی ئەورووپا خوازیاری رێککەوتنە، بەڵام گوتەبێژەکە گوتی، "کۆمیسیۆن بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەیە."
 
یەکێتیی ئەورووپا پێناسی گومرگیی بەرامبەری لەسەر کاڵای ئەمریکی بە بەهای نزیکەی 100 ملیار یۆرۆ (117 ملیار دۆلار) ئامادە کردووە، ئەمە ئەگەر دانوستاندنەکان نەگەنە هیچ رێککەوتنێک.