دانانی پردی ئاسن و بازگە لە رێگەی هەولێر-کەرکووک دەستیپێکرد

رووداو - هەولێر

دانانی پردی ئاسن و بازگەی هاوبەش لە رێگەی هەولێر - کەرکووک دەستیپێکرد و بڕیارە پێش جەژن رێگەکە بکرێتەوە.

فەرهاد نیعمەتوڵڵا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی 8ی ئەم مانگە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی كردنەوەی رێگەی هەولێر - كەركووك كرا، لە ئەمڕۆوە هەنگاوەكانی كردنەوەكە دەستپێدەكات. گوتیشی "ئەمڕۆ دەست بە دانانی پردە ئاسنینەکە لە پردێ دەكرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پردە دادەنێت".

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە ئەمڕۆوە دەستدەكرێت بە دانانی بازگەیەكی هاوبەش لە نزیك پردێ‌. گوتیشی "بازگە هاوبەشەكە لەنێوان ساتری هەردوولادا دادەنرێت‌، بازگە كۆنەكەی چوونە ناو هەولێر لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە‌".

هاوکات فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی هەولێر دەستیکردووە بە گواستنەوەی ئەو کەلوپەلانەی لە دروستکردنی پردەکە بەکاردەهێنرێت.

فازڵ حاجی ئاشکراشیدەکات، بڕیارە بەشەکانی پردە ئاسنینەکە لە ‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو بگوازرێنەوە و هەوڵدەدرێ رێگەکە پێش جەژنی قوربان، کە دەکاتە رۆژانی 20ی ئەم مانگە، بکرێتەوە.

لە كۆبوونەوەی 5ی ئەم مانگەی هەردوو شاندی حكومەتی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان لە پردێ‌ گەیشتنە رێككەوتن بۆ كردنەوەی رێگەی هەولێر - كەركووك، گرنگترینیان دروستكردنی پردێكی ئاسنین لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پردە رووخاوەكەی پردێ‌، هاوكات رێككەوتن لەسەر دانانی بازگەیەكی هاوبەش لەنێوان ساتری پێشمەرگە‌ و سوپای عێراق.

بڕیارە دەست بە نۆژەنکردنەوەی پردە رووخاوەکەش لە شارۆچکەی پردێ-ی سەر بە کەرکووک بکرێتەوە، کە لە رووداوەکانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێکشکا.