وەزیرێکی پێشووی بەریتانیا دەبێتە سەرۆکی زانکۆی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بیڵ رامێل، سەرۆکی نوێی زانکۆی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لە ماڵپەڕی زانکۆکە بڵاوکراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ زانکۆی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، بڕوای وایە دەستبەکاربوونی بیڵ رامێل هاوکار دەبێت لە بەرەوپێشبردنی زانکۆی کوردستان بۆ ئاستێکی بڵندتری گەشەکردن و سەرکەوتن.
بیڵ رامێل، لە 8ی ئەم مانگە، وەکو سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە هەولێر دەستبەکاربوو. رامێل پێشتر وەزیری دەوڵەت بووە بۆ خوێندنی باڵا لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.
بیڵ رامێل، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2007 لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە، کاتێک کە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بوو بۆ کاروباری باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نێچیرڤان بارازنیش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
بیڵ رامێڵ لە 10ی تشرینی یەکەمی 1959 لە دایکبووە. ئەندامی پارتی کاری بەریتانیایە، لە ساڵی 1997 تاوەکو 2010 ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بووە.
لە ئابی 2012 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2019 جێگری سەرۆکی زانکۆی بێدفۆردشایر بووە. هەروەها حوزەیرانی 2019 تاوەکو کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ سەرۆکی زانکۆی میلۆن پڵەس بووە.