هاونیشتمانیان بە مەرج دەتوانن لە پەروێزخانەوە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچن بۆ ئێران


رووداو دیجیتاڵ

لە 25ـی تەممووزەوە لە هەردوو دەروازەی باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە رێگەنادرێت هاونیشتمانییان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان گەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن، بەڵام لە دەروازەی پەروێزخانەوە بە مەرجی هەبوونی دەستەبەری دادگە رێگە دەدرێت.
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئابی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ بەرپرسانی ئێران رێگەنادەن لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان لە دەروازەکەوە بچنە ئەو وڵاتەوە.
 
گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران گوتیشی، "کێشەکە لە دیوی ئێرانەوەیە و گرفتی تەکنیکییان لە بیمەدا هەیە؛ لە دیوی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکمان نییە و ئەوەی هەیە لەسەر داوای بەرپرسانی ئێرانییە."
 
هەروەها مەریوان کەریم، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەلایەن ئێرانەوە بردنی ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رێگەی پێنادرێت و هۆکارەکەش کێشەی بیمەیە لەو وڵاتەدا.
 
بەرپرسانی هەردوو دەروازەکە دەڵێن، هاتووچۆی گەشتیاریی بەبێ ئۆتۆمبێل ئاساییە و 24 کاژێر دەروازەکان کراوەن.
 
لەبارەی دەروازەی پەروێزخانەوە، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دەروازەکەیان چەند کاژێرێک بردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ئێران راگیراوە و دوای دەستوەردانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دۆخەکە بە مەرج ئاسایی بووەتەوە. دەشڵێت، "پێشتر بە دەفتەری گومرگی هاونیشتمانییان ئۆتۆمبێلی خۆیان دەبرد، ئێستا لەگەڵ دەفتەرەکەدا دەبێت ئەو کەسەی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەبات لە دادگە کەسێک کەفالەتی بکات و وێنەیەکی کەفالەتەکەش لەگەڵ خۆیدا ببات."
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا سێ دەروازەی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.