قایمقامی دووکان بۆ رووداو: بە درۆن ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی دووکان - خەلەکان کرایە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دووکان رایگەیاند، لە رێگەی نێوان دووکان - خەلەکان ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ لاریدۆ "بە درۆن کراوەتە ئامانج، دوو کەسی تێدابووە و برینداربوون."
سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی دووکان بە رووداوی راگەیاند، سەرەتا زانیارییان وا پێگەیشتووە کە ئۆتۆمبێلێک سووتاوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ئۆتۆمبێلەکە، کە لە جۆری جیپ لاریدۆ بووە و دوو کەسی تێدابووە و دوای برینداربوونیان، گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
قایمقامی دووکان باسی لەوە کرد، بریندارەکان "خەڵکی سووریا و هەڵەبجەن، ئێستا لە نەخۆشخانەی دووکان چارەسەر وەردەگرن."
بە گوتەی قایمقامی دووکان، رووداوەکە لە نزیک گوندی قامیشە بووە و بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵێنەوە کردووە.