ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ کەمترین دابەزیوە؛ رووبەرەکەی لە 5200 بۆ 408 کیلۆمەتر چوارگۆشە بچووک بووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەریاچەی ورمێ دوایین هەناسەکانی دەکێشێت. ئاستی ئاو و رووبەری دەریاچەکە بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە. بەپێی وێنەیەک کە لە مانگە دەستکردەکانەوە گیراوە و دۆخی خراپی دەریاچەکە پێشان دەدات، بەشی زۆری وشکبووە.
 
موجتەبا زولجودی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، دەریاچەی ورمێ 960 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە و رووبەرەکەی بۆ 408 کیلۆمەتری چوارگۆشە بچووک بووەتەوە.
 
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، بەهۆی زۆریی رێژەی بەهەڵمبوون، ئاستی ئاوی دەریاچەکە لە 31-05-2023وە تاوەکو ئێستا 24 سانتیمەتر دابەزیوە و تاوەکو نێوەڕاستی پاییز دۆخەکە خراپتریش دەبێت.
 
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئاوی سوێری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. ئەو کاتەی کێشەی وشکبوونی نەبوو، رووبەری دەریاچەکە پێنج هەزار و 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە و 16 مەتر قووڵ بوو.
 
کۆمپانیای ئاوی ورمێ رایگەیاندووە، لە 2014وە تاوەکو 2023 نزیکەی 7 ملیار مەتری سێجا ئاویان گەیاندووەتە دەریاچەکە، بەڵام ئێستا یەک لەسەر حەوتی ئەو ئاوەشی تێدا نەماوە، بۆی گواستراوەتەوە.