سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی گشتیی ئەمریکا لە عێراق کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گفتوگۆیان لەسەر چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەیش کردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-08-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ده‌يڤد بێرگه‌ر، هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ عێراق كرد و کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، دۆخى شنگال و پێكهاته‌ ئايينييه‌كان، تاوتوێ كران."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ عێراق "خۆشحاڵيى خۆى به‌ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ربڕى و ده‌ستخۆشى له‌و هه‌نگاوه‌ كرد.‌" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، سوپاسى پشتگيريى ئه‌مريكاى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد."

 

 
لەبارەی دۆخی شنگال "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنامه‌ى" نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال و پێويستيى پاراستنى پێكهاته‌ ئايينييه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
 
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، "چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى" تاوتوێ کران.