زانکۆی قەیوان بۆ یەکەم وەرزی خوێندن داشکاندنێکی گەورە دەکات
رووداو-هەولێر
زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان UTM لەشاری سلێمانی رایدەگەیێنیت، بە چەندین ئۆفەر و ئاسانکاری بۆ دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان و عێراق، دەستی بە وەرگرتنی خوێندکاران کردووە و بۆ یەکەم وەرزی خوێندنیش داشکاندنێکی گەورە دەکات.
زانکۆی تەکنەلۆژیای مالیزیا (یو تی ئێم) لەڕێگەی زانکۆی قەیوانەوە هاتووەتە کوردستان و بەپێی بڕیارێكی سەرۆكی دەستەی ئەمیندارییەتی زانكۆكەش، داشكاندنێكی زۆر لەنرخی خوێندنی ئەمساڵدا بۆ خوێندكاران ئەنجامدەدرێت. زانکۆکە ئەزمونێکی نزیکەی 100 ساڵەی هەیە، ئێستا لەڕێگەی زانکۆی قەیوانەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و عێراق و یەکێکە لەو زانکۆیانەی جیهان کە رانکێکی بەرزی هەیە لە ریزبەندی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهاندا (228).
زانكۆی قەیوان یو تی ئێم رۆژی 12-8-2018 لە شاری سلێمانی بەردی بناغەی دانرا ، فاخیر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی دەستەی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان، لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی زانكۆكەدا رایگەیاند؛ گونجاوترین نرخ بۆ خوێندن پەیڕەو دەكەین تاوەکو زۆرترین كەس بتوانن لەم زانكۆیە سودمەندبن.
بەپێی بڕیارەكەی سەرۆكی دەستەی ئەمیندارییەتی زانكۆكە، داشكاندنەكان ئەو خوێندكارانە دەگرێتەوە، كە ئەمساڵ بۆ خوێندن ناویان لە زانكۆكە تۆماردەكەن، ئەو خوێندكارانەی نمرەكانیان 90-100 دەبێت بە رێژەی 40٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت، ئەو خوێندكارانەشی نمرەكانیان لەنێوان 80-90 دەبێت بەرێژەی 30٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت، هەروەها ئەو خوێندكارانەشی، كە نمرەكانیان لە نێوان 70-80 دەبێت، بەرێژەی 20٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت، ئەو خوێندكارانەشی نمرەكانیان لە نێوان 60-70 دەبێت، بە رێژەی 10٪ داشكاندنیان لە نرخی خوێندنی ئەمساڵ بۆ دەكرێت. هەروەها خوێندن لە زانکۆکە بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بێ بەرامبەرە.
هاوكات بەپێی زانیارییەكانی بەشی تۆماری خوێندكارانی زانكۆی قەیوان یو تی ئێم، بۆ ئەمساڵی خوێندن نزیكەی 400 خوێندكار وەردەگیرێن، بڕیاریشە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی دەوام لە زانكۆی تەكنەلۆژیای مالیزیا، بەهەمانشێوە لە شاری سلێمانیش دەستبكرێت بە خوێندن، چونكە زانكۆكە بەشێوەی (فرەنچایز) لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، واتە پڕۆگرام و سیستەمی خوێندن و شێوەی بەڕێوەچونی سێمستەرەكان هاوتەریبی زانكۆی تەكنەلۆژیای مالیزیا دەبێت.
ئەو بەشانەی لە زانكۆی قەیوان یو تی ئێم کراونەتەوە بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتی زانکۆکە، لەسەر خواستی بازاڕ و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و عێراقن، واتە دەرچووەكانی ئەم بەشانە، هەلی كاری مسۆگەریان دەبێت لە كەرتی تایبەتی و حكومیدا، بەشەكانیش بەگشتی لەبواری خوێندنی تەكنۆلۆجیا، ئای تی و كۆمپیوتەر و سەرچاوەی مرۆیی و كارگێڕیدایە و تیمێكی پسپۆڕی مالیزیا ئیدارەی زانستی و كارگێڕی و بەڕێوەبردنی زانكۆكە دەكەن.
خوێندن لە زانکۆکە بەزمانی ئینگلیزی دەبێت و سەرەتا هەڵسەنگاندنێك بۆ ئاستی زمانزانینی خوێندكارەكان دەكرێت و پاشان بە خولێكی بەهێزكردندا تێدەپەڕن، بەڵام ئەگەر خوێندكار توانای ئینگلیزییەكەی بەهێزبێت راستەوخۆ دەتوانێت دەست بەخوێندن بكات.
ئەم زانکۆیە مۆڵەتی فەرمی و یاسایی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمەوە وەرگرتوە، جگە لەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقەوە مۆڵەتی پێدراوە و دەرچووانی ئەم زانکۆیە دەبنە خاوەنی بڕوانامەی متمانە پێکراو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان.
لە پێناسەی زانکۆکەدا هاتووە، زانکۆی یو تی ئێم یەکێکە لەو زانکۆیانەی ئەزموونێکی گەورەی هەیە لە پێشخستنی وڵاتدا و پشکی شێری بەردەکەوێت لە پێشخستنی کۆمەڵگەی مالیزیادا بۆ ئەوەی بازدانی ئابووری و تەکنەلۆژی ئەنجام بدەن و ببنە وڵاتێکی گەشەکردووی جیهان و لە وڵاتێکی دواکەوتووی تەقلیدییەوە بەرەو داتا و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ هەنگاو بنێت. ئێستاش خاوەنی 37 سەنتەری لێكۆڵینەوەیە و 1406 كەس بڕوانامەی دكتۆرایان تێدا وەرگرتووە.
بەشی تۆماری خوێندكارانی زانكۆی قەیوان یو تی ئێم رایدەگەیێنێت، بەهاتنی زانکۆی قەیوان UTM چیتر فێرخواز لەو بوارانەدا پێویست ناكات بۆ خوێندن روو لە دەرەوەی هەرێم بكەن، هاوكاتیش رۆڵی گرنگی دەبێت لە وەبەرهێنانی توانای مرۆیی و ئەكادیمی كورد و بۆ یەکەمجارە خوێندن لە زانکۆی قەیوان UTM زۆر هەرزانتر دەکەوێت لە زانکۆی یو تی ئێم- لە مالیزیا.
زانکۆی تەکنەلۆژیای مالیزیا (یو تی ئێم) هاوبەشە لەگەڵ زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهاندا وەكو (ئێم ئای تی و ئۆكسفۆرد و كامبریج و ئیمپێریاڵ كۆلێج لە لەندەن...هتد).
بۆ زانیاری زیاتر کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان