ئەردۆغان رەخنە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و هەسەدە دەگرێت لە رۆژئاوای کوردستان
رووداو - هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت بەوەی بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە و دەڵێت، "بە هەزاران بارهەڵگر چەک و کەرەستەی سەربازی" بۆ هەسەدە ناردووە و دەینێرێت.
دوای نوێژی ئەمڕۆ هەینی 09-09-2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ بۆ رۆژنامەڤانان قسەیکرد.
لە وەڵامی پرسیاری مانۆڕی سەربازیی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئەم هەفتەیە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لەبارەی پرسی هەسەدە بەداخەوە ئەمریکا تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە لە گرتنەبەری هەنگاوی هەڵە، ئەگەر تێبینیتان کردبێت ناوی خۆیان ناوە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمە جۆرێکە لە پەردەپۆشی."
"ئەمریکا پشتیوانی جیددیی هەسەدەیە"
ئەردۆغان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هەروەها باسی لەوەش کرد کە: "بەداخەوە ئەمریکا بەردەوام بە هەزاران بارهەڵگر چەک و کەرەستەی سەربازی و جبەخانەی بۆ ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە ناردووە و دەنێرێت. ئەمە یەکەم کاریان نییە کە بەناوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دەیکەن، بەداخەوە هەمان شت لە عێراقیش کرا و ئێستاش هەر بەردەوامن. لەپاڵ پێدانی چەک و جبەخانە و پێداویستیی سەربازی، مەشق و راهێنانیشیان پێ دەکەن و پاڵپشتیی جیددیشیان دەکەن لەڕووی پێگەیاندن و راهێنان، ئەگەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەرفەت هەبوو لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئەم بابەتە دەخەمە بەرباس و لێکۆڵینەوە".
لە لووتکەی سێ قۆڵیی نێوان ئێران، تورکیا و رووسیا کە رۆژی 19-07-2022 لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو و قەیرانی سووریا تەوەری سەرەکی بوو. ئەردۆغان لەو ئۆپەراسیۆنەی کە نزیکەی سێ مانگە هەڕەشەی ئەنجامدانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەیکات، بە پێویستی زانی وڵاتان پاڵپشتی بکەن بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە.
بەڵام لە لووتکە سێقۆڵییەکەدا سەرۆککۆماری ئێران، هاوشێوەی رێبەری باڵای وڵاتەکەی دژایەتیی خۆی بۆهەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیا لە سووریا دەربڕی. سەرۆکی رووسیاش ئەوەی بە باشترین چارەسەر بۆ قەیرانی سووریا زانی کە رۆژئاوای کوردستان، ئیدلب و هەموو ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق.
"ئەمریکا تاکە لایەن نییە کە لە جیهاندا فڕۆکەی جەنگی دەفرۆشێت"
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری دوایین پێشهاتی رادەستکردنی ئەمریکا بۆ فڕۆکەکانی ئێف-16 و مۆدێرنیزەکردنی ئێف-16کانی تورکیا کە گوایە ئەمریکا مەرجی زۆر قورسی داناوە و جەختی کردووە کە داوای بەڵێننامەیان لە تورکیا کردووە بۆ گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی مەرجەکانی تورکیا، گوتی: "وەک دەزانن لە کۆبوونەوەی مەدرید، سەرۆک بایدن بەڵێنیدا ئەوەی لە توانایدا هەبێت بیکات."
باسی لەوەش کرد کە لەبارەی فڕۆکەی ئێف-16 بایدن هەڵوێستی ئەرێنی نیشاندا، "ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە کۆمارییەکان پاڵپشتی ناکەن. دواتر وەزیری دەرەوەمان لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای کۆمارییەکان لە بوڵگاریا کۆبووەوە و داوای پاڵپشتییان لە کۆمارییەکان کرد بۆ ئاسانکاریکردن. ئەو بەرپرسەش رایگەیاندبوو کە پاڵپشتیی تورکیا دەکەن بۆ پێدانی فڕۆکەی ئێف-16. هیوادارم لەمبارەیەوە ئەمریکا ناچارمان نەکات روو لە رێگەی دیکە بکەین. مەبەستم لە رێگەی دیکە، ئەمریکا تاکە لایەن نییە کە لە جیهاندا فڕۆکەی جەنگی دەفرۆشێت. بەریتانیا، فەرەنسا و رووسیاش دەیفرۆشن. دەتوانین لە هەر شوێنێک بمانەوێت دابینی بکەین و بۆ ئەمە لە زۆر لاوە ئاماژەمان بۆ دێت".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دەزگای میت و دژەتیرۆری ئیستەنبووڵ کرد لەبارەی دەستگیرکردنی بەشار خەتاب غەزال ئەلسمەیدەعی ناسراو بە "ئەبو زەید" کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی داعش و رایگەیاند: "دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەمان، وەزارەتی ناوخۆ و هێزە سەربازییەکانمان، لەسەر ئاستی جیهان، فراوانترین و پێداگرانەترین ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجامداوە. رۆژئاوا تاوەکو ئەمڕۆ رووبەڕووبوونەوە و ئۆپەراسیۆنێکی تەندروستی بەرامبەر بە داعش نەکردووە. ئەوان تەنیا بە قسە و پرۆپاگەندە ئەم کارە دەکەن. هیچ شتێکی دیکە ناکەن".