دوو هاونیشتمانی دوای مانگێک زیندانیکردن لە مەغریب ئازاد کران


رووداو دیجیتاڵ

دوو هاونیشتمانیی خەڵکی رانیە کە ویستبوویان لە مەغریبەوە بچنە ئەوروپا، لەو وڵاتە دەستگیرکرابوون و دوای مانگێک ئازاد کران. برای یەکێکیان دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ هەردووکیان بگەنەوە هەرێمی کوردستان.

رۆژی شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، هاونیشتمانییەک بە ناوی رێبین لەتیف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "برایەکم بەناوی رێبەند و ئامۆزایەکم بە ناوی محەممەد خالید، بەهۆی تیکتی ساختەوە لە 6ـی ئاب لە مەغریب دەستگیرکران و دوای مانگێک و لە 6ـی ئەیلوول ئازاد کران".
 
رێبین لەتیف دەڵێت، برا و ئامۆزاکەی لە مەغریب تیکتی ساختەیان پێدراوە و خەڵەتێندراون کە گوایە گەشتی ئەوروپای پێ بکەن؛ بۆیە دەستگیرکراون. گوتیشی، "زۆر کەسمان ئاگادارکردەوە لە دۆخیان تاوەکو ئازاد کران؛ بڕیارە ئەمڕۆ بگەنەوە هەرێمی کوردستان".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بەهێز مەغریبی هەژاند و بەهۆیەوە سەتان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون؛ رێبین لەتیف گوتی، براکەی و ئامۆزاکەی کە بوومەلەرزە روویداوە چوونەتە دەرەوە و سەلامەتن.
 
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق هەوڵی ئازادکردنی ئەو دوو هانیشتمانییەی داوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای هەفتەیەک لە دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە ئاگادارکرامەوە. منیش باڵیۆزخانەی عێراقم لە مەغریب ئاگادارکردەوە، دواتر بە سوپاسەوە بۆتان دزەیی، باڵیۆزی عێراق لە مەغریب هاتەسەرهێڵ و هەردوو هاونیشتمانییەکە ئازاد کران".
 
موسەننا ئەمین گوتیشی، دۆسیەی ئەو دووکەسە وەکو زۆر کەسی دیکە خەڵتاندن بووە و بەناوی ڤیزە و تیکتی ئەوروپاوە هەڵخەڵەتێندراون و بەهۆیەوە بۆماوەی مانگێک لە زینداندا ماونەتەوە.