حکومەتی هەرێمی کوردستان: بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 3500 مێگاوات بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایان بەرزکردووەتەوە بۆ 3500 مێگاوات و ژمارەی هاوبەشانی کارەباش گەیشتووەتە ملیۆنێک و 850 هەزار هاوبەش.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023 بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، "كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیژی رووكردنه‌ وزه‌ی خاوێن و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گرنگه‌كان بۆ هاووڵاتیان، توانیویه‌تی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بگه‌یه‌نێته‌ 3 هەزار و 500 مێگاوات و چه‌ندین وێستگه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ وزه‌ی خاوێن دابمه‌زرێنێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا 10٪ بۆ 15% زیادیکردووە؛ ژمارەی هاوبەشانیش گەیشتووەتە ملیۆنێک 850 هەزار هاوبەشی کارەبا.
 
بەگوێرەی گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووداو، مانگی رابردوو لە هەولێر نزیکەی 12 کاژێر و نیو کارەبای موەلیدە 11 کاژێر و نیو کارەبای نیشتمانی هەبووە؛ لە سلێمانی نزیکەی 10 کاژێر و نیو موەلیدە و 13 کاژێر و نیو کارەبای نیشتمانی هەبووە؛ لە دهۆک 10 کاژێر و نیو موەلیدە و 13 کاژێر و نیو کارەبای نیشتمانیی هەبووە، لە هەڵەبجەش نزیکەی 10 کاژێر موەلیدە و 14 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لە كابینه‌ی نۆدا له‌ رێگه‌ی سیستمی زیره‌كەوە توانیویەتی رێگری له‌ هه‌موو جۆره‌ پێشێلكاری و به‌هه‌ده‌ردانێكی كاره‌با بکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با پشت به‌ وێستگه‌ كارۆئاوی، هه‌ڵمی و گازییەکان ده‌به‌ستێت کە ئەمانەی خوارەوەن:
 
- وێستگەی هەولێر، کۆمپانیای سایکل 1500 مێگاوات.
- وێستگەی سلێمانی، کۆمپانیای سایکل 1500 مێگاوات.
- وێستگەی دهۆک، گازی 1000 مێگاوات.
- وێستگەی بازیان، گازی 1000 مێگاوات.
- وێستگەی خورمه‌ڵە، 960 مێگاوات.
- وێستگەی گەرمیان، گازی 165 مێگاوات.
- وێستگەی خەبات، هەڵمی 300 مێگاوات.
- وێستگەی باعه‌درێ، نەوتی رەش، 150 مێگاوات.
- وێستگەی سلێمانی- تاسڵوجە، 51 مێگاوات.
- وێستگەی دووکان کارۆئاوی، 400 مێگاوات.
- وێستگەی دەربەندیخان، كارۆئاوی، 249 مێگاوات.
- وێستگەکانی 29 مێگاواتی نەوتی رەش لە هەر یەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک.
 
رۆژی 28ـی ئاب، کۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وێستگەی کارۆئاویی دووکان لە پێنج یەکە دوانیان کاردەکەن و رۆژانە 90 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
 
هاوکات، سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وێستگەی کارۆئاوی دەربەندیخان توانای بەرهەمهێنانی 249 مێگاوات کارەبای هەبووە، بەڵام ئێستا رۆژانە نزیکەی 70 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.