کۆنسوڵی کۆریا بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی کۆریا کرد کە بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی مەسرور بارزانی کرد.
 
ئەمڕۆ شەممە، 09-09-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد.
 
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "وێڕای ئاماژەدانمان بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا، سوپاسی کۆنسوڵی گشتیی کۆریامان کرد بۆ كار و چالاکییەکانی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هیوای سەركەوتنیشمان بۆ خواست لە ئەرک و کاری داهاتوویدا."

 

 

 

 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، کۆنسوڵی گشتیی کۆریا "پێزانیی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی باشی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی و ئامادەییشی نیشاندا بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندیی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم تایبەت بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان."