وەرزێکی نوێی پۆدکاستەکانی رووداو دەستیپێکرد؛ یەک لە یەک باشترن


رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو، وەرزێکی نوێی پۆدکاستەکانی بە ژمارەیەک پۆدکاستی دیکەی سەرنجڕاکێشی زانستی، پەروەردەیی، ئەدەبی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، هەواڵی و تەندروستی دەستپێکرد کە لەلایەن کەسانی شارەزا و بەئەزموون ئامادە و پێشکێشدەکرێن.
 
رۆژی سێشەممە، (9ی ئەیلوولی 2025) وەرزی نوێی پۆدکاستەکانی رووداو دەستپێدەکات، لەم وەرزەدا رووداو لەسەر پلاتفۆڕمە جیهانییەکانی پۆدکاستدا هەفتانە 13 پۆدکاستی جۆراوجۆر بڵاودەکاتەوە، پۆدکاستەکانی رووداو، جیا لە ماڵپەڕی "podcast.rudaw.net" لەسەر ژمارەیەک پلاتفۆرمی جیهانیی بەنێوبانگی پۆدکاستیش هەن.
 
لەسەر ئەپڵیکەیشنی ئەپڵ پۆدکاست لە بەشی گەڕاندا بنووسن رووداو یان رووداو پۆدکاست، پۆدکاستەکانی رووداوتان نیشان دەدات، هەروەها لە پۆدکاست ئندێکس(Podcast Index)، و ئەمازۆن میوزیک و سپۆتیفای (Spotify)ـیش وەرگرانی رووداو دەتوانن بەدوای پۆدکاستەکانی رووداودا بگەڕێن.
 
بۆ ئەو کەسانەش کە سیستمی مۆبایلەکانیان ئەندرۆیدە، دەتوانن لەسەر ئەو پلاتفۆرمانە گوێ لە پۆدکاستەکانی رووداو بگرن: iHeart, Pocket Casts, Castbox, Podcast Addict.
 
جیا لەو پلاتفۆرمانە رۆژانە لە چەند کاتێکی جیاوازدا پۆدکاستەکانی رووداو لە رادیۆی رووداو لەسەر شەپۆلەکانی 102.7-102.9 بڵاودەبنەوە، هاوکات لە پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و یوتیوب لەسەر چەناڵی رووداو رادیۆ بەردەستن.
 
ئەزموونی بەرهەمهێنانی پۆدکاست بۆ یەکەمجار لەنێو میدیای کوردیدا لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2023 بەشێوەیەکی فراوان دەستی بەوەشان کرد و ئێستا پێنجەم وەرزی وەشانی پۆدکاست دەستپێدەکات.
 
پۆدکاستەکانی رووداو دەنگدانەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە لەلایەن وەرگرانی لە سەرانسەری جیهاندا و لە چوار وەرزی رابردوو پۆدکاستەکانی رووداو سەتان ملیۆن بینەر و گوێگریان هەبووە لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا.
 
دیوی دووەم:
 
شیعر ئەگەر جوانترین و پڕ هەستترین ژانری نێو ئەدەب نەبێت، ئەوا یەکێکە لە پایە زۆر گرنگەکانی ئەم جیهانە فراوانە، دیوی دووەم، پۆکاستێکی ئەدەبی و گفتوگۆ ئامێزە، فەرمان ساڵح هەفتانە بە میوانداری شاعیری نێوداری کورد، تەڵعەت تاهیر پێشکێشی دەکات.
 
دیوی دووەم هەر سەرنجی لەسەر پرسیارە رووکەشەکانی نێو ژیانی شاعیر و کایەی ئەدەبی نییە، بەڵکو سەرنجی لەسەر هەموو ئەو گۆشە و خاڵانەیە کە دەشێت وەکو کەرەستە بۆ شاکارێکی شیعری کەڵکی لێ وەربگیرێت.
 
لە پۆدکاستی دیوی دووەم، هەفتانە وەڵامی بەشێك لەو پرسیارانە وەردەگرن کە تاوەکو ئێستا بیرت بۆی نەچووە یان لە تەڵعەت تاهیر نەکراوە.

 

جڤاک:
 
جڤاک پۆدکاستێکی پەروەردەیی دەروونی جڤاکییە، هەفتانە نوور یوسف پێشکێشی دەکات. جڤاک سەرنجی سەرەکی لەسەر پەروەردەی تاک و خێزانە، لەوەی چۆن لە دۆخ و ساتە جیاوازەکاندا مامەڵەیەکی دروست و پەروەردەیەکی دروست لەگەڵ منداڵ و نەوەکانمان بکەین؟ ئەو هەڵە باوانە چین دایکان و باوکان لە پەروەردەکردنی منداڵ دەیکەن؟ ئەو خاڵ و گۆشە شاراوانە چین کە لە منداڵەکانماندا هەن و دایک و باوکان نەیانتوانیوە پەی پێ ببەن و ئێمە چۆن پەرەیان پێبدەین بۆ ئەوەی ببنە نەوەیەکی تەندروست لەداهاتوودا. پۆدکاستی جڤاک سەرنجی لەسەر خەمە جڤاکی و گشتییەکانە و ئامانج لێی گفتوگۆیەکی بەرهەمدارە لەپێناو نەوەیەکی تەندروست.

 

 
زار و زمان:
 
پۆدکاستێکی رۆشنبیریی زمانەوانییە، باسی زار و زمانی کوردی و کێشەکانی زمانی قسەکردن و زمانی نووسین دەکات، نووسەر و لێکۆڵەری کورد ماجد مەردۆخ رۆحانی هەفتانە لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشی دەکات، ئەم پۆدکاستە دەروازەیەکە بۆ خستنەڕووی گرفتەکانی زمان و مەترسییەکانی سەر زار و بن زارەکانی زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستان. 
 

چیرۆکەکانی دادگە:
 
پۆدکاستێکی رۆشنبیری یاسایی گشتییە، لێکۆڵەری دادی د.بەکر قادر، هەفتانە لە تۆڕی میدیایی رووداو باسی ئەو چیرۆکانە دەکات، کە لەماوەی کارکردنیدا وەک لێکۆڵەری دادی لە دادگەکاندا کاریگەرییان لەسەری هەبووە.
 
باسکردنی ئاریشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بە دیدێکی یاسایی و هۆشیاریی یاسایی هەوڵێکی رژدە بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی هۆشیار و بەئاگا بێت لە لێکەوتەی سزا یاساییەکان. رۆڵ و ئەرکی یاسا چییە؟ ئەرکی دادگە و یاسا چییە و چ رۆڵێکیان دەبێت لە ریکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی؟
 
د. بەکر قادر دەڵێت، "چیرۆکەکانی دادگە، گێڕانەوەی چیرۆک و کۆژان و ئازارە راستەقینەکانە لە دادگەکاندا، خاڵدانانە لەسەر پیتەکانی ژیانی کۆمەڵگە و باسی ئەو دەرد و ئاریشە کۆمەڵایەتییانە دەکەین، کە دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان تاوەکو کۆتایی تەمەنیان باجی کار و کردەوەیەک بدەن، کە هەندێک کات لە نەبوونی ئاگایی کردوویانە."
 
لێکۆڵەری دادی د. بەکر قادر دەڵێت، "چیرۆکەکانی دادگە، چیرۆکی راستەقینەن، بەڵام لە گێڕانەوەیاندا، شوێن و کات و کەسایەتییەکان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت بۆ پاراستنی مافی کەسەکان و تایبەتمەندیی کەیسەکان، ئەوەی لە چیرۆکەکانی دادگە دەیگێڕینەوە، کەیسی کەسێکی دیاریکراو نییە و گوزارشت لە کەسێک ناکات، بەڵکو گوزارشت لە هەموو کۆمەڵگە دەکات."

 

 
کلینیکاست:
 
کلینیکاست پۆدکاستێکی هۆشیاری تەندروستییە و هەفتانە لەلایەن دکتۆر هونەر رێبوار، پزیشکی پسپۆڕی فریاکەوتنەوە پێشکێش دەکرێت.
 
لە کلینیکاست هەفتانە گرنگترین ئەو کێشە تەندروستییانە دەخەنە بەرباس بۆ ئەوەی وەرگرانی رووداو سوودی لێببینن و ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستییە، کیلینیکاست هەر تەنیا پۆدکاستێک نییە، بەڵکو کلینیکێکی تەندروستی و هۆشیارییە لەنێو مۆبایلەکەتدا.
 
دکتۆر هونەر رێبوار دەڵیت:"  هەفتانە لە کلینیکاست باسی گرفتە تەندروستییەکان و گرنگترین هەنگاوەکانی خۆپارێزی بۆ هاونیشتمانیان و چارەخوازان دەخەینەڕوو. کلینیکاست، پەیامێکی جیاواز و هۆشیارییە بۆ هاونیشتمانیان و هەموو شتێک لە پێناو تەندروستی مرۆڤ دەخەینە بەرباس".
 

یادەوەرییەکانی دۆزەخ:
 
پۆدکاستێکی مێژووییە، لەرێگەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەوە رووداوەکان بە گوێگرو بینەران ئاشنا دەکات، سەلام سەعدی پێشکێشی دەکات و هەرجارەو میوانێکی دەبێت.
سەلام سەعدی، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی یادەوەرییەکانی دۆزەخ دەڵێت، زۆرن ئەو چیرۆکە نەگوتراوانەی کە قوربانی دەستی داپڵۆسین و ئەشکەنجەی زیندان و بەندیخانەکانی حکومەتی بەعسن. لە یادەوەرییەکانی دۆزەخدا باسی چیرۆکی ئەو کەسانە دەکەین کە هەنگاوێک پێش گەیشتن بە مردن گەڕاونەتەوە، هەروەها هەوڵدەدەین لەم پۆدکاستەدا باسی ئەو دۆخ و ساتانە بکەین کە قوربانییەکان پێیدا تێپەڕیون و وەکو بەشێک لە مێژووی تۆمار نەکراو ماونەتەوە".

 

 
زەوی تینوو:
 
زەوی تینوو، پۆدکاستێکی ژینگەییە، سەرنجی سەرەکی لەسەر گۆڕانکارییە ژینگەییەکانە، چۆن تاوەکو دێت کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی ئاو لە جیهاندا تووندتر دەکەن؟
 
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوەکان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێکە لەو ناوچانەی گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست دەکات، هاوکات عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم قەیرانە مەترسیدارە و یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەری وشکەساڵیی لەسەرە.
 
وشکەساڵی و کەمئاوی، هەر تەنیا کێشە بۆ ئەو شوێنانە دروست ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی کۆچ و قەیرانی دیمۆگرافیش دروست دەکات. زەویی تینوو هەفتانە فازڵ هەورامی بەمیوانداری کەسانی پسپۆڕ پێشکێشی دەکات.
 

یاریگەری رووداو:
 
هەفتانە لەگەڵ رۆژنامەڤانانی دێسکی وەرزشی لە تۆڕی میدیایی رووداو، رێبوار محەممەد، ئیحسان تاهیر و دیاری حەسەن لە پۆدکاستی یاریگەی رووداوەوە شرۆڤە و باسی هەواڵ و رووداوە وەرزشییەکان دەبیستن، پێشکێشکارانی یاریگەی رووداو لە پۆدکاستی یاریگەی رووداودا باس لەو خول و یارییە جیهانییانە دەکەن، کە بۆ تۆی وەرگر جێی بایەخن، ئەوان پێکەوە شرۆڤەی هەواڵ و پێشهاتە وەرزشییەکان دەکەن و زانیاری نەبیستراوتان پێ دەڵێن.
 
ئیحسان تاهیر، یەکێک لە پێشکێشکارەکانی یاریگەی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، پۆدکاستی یاریگەی رووداو لە وەرزی نوێدا بە نیوەڕۆکێکی جیاواز و زانیاری سەرنجڕاکێش بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدەین رووداوە وەرزشییە نێوخۆیی و جیهانییەکان بۆ وەرگرەکانمان بگوازینەوە و شرۆڤەیان بکەین.

 

مژار:
 
مژار جیاوازە لە هەموو پۆدکاست و پرۆگرامێکی دیکە، رۆژانە بازنەی یەکەمی گرنگی پێدانی ئەم پۆدکاستە کە لەلایەن محەممەد رەحیم پێشکێش دەکرێت، گرفت و کێشەکانی هاونیشتمانییانە. لە پۆدکاستی مژار، هاونیشتمانیان دەتوانن لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گرفت و کێشەکانیان باس بکەن و تۆڕی میدیایی رووداو لەرێگەی بەش و ناوەندەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانییەوە، کار دەکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون و راپۆرتی بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتەکان بکات و وەڵامی گرفت و پرسیارەکانی هاونیشتمانیان وەربگرێت. 
 
محەممەد رەحیم ئامادەکار و پێشکێشکاری مژار دەڵێت "تەنیا خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان بەس نییە، بەڵکو بەدواداچوون و بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتی هاونیشتمانیان ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە، مژار، سەکۆ و دەنگی هاونیشتمانییانە و ئێمەش بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان دەکەین لەگەڵ لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار."

 

 
چاوی سێیەم:
 
پۆدکاستی چاوی سێیەم، پۆدکاستێکی گفتوگۆئامێزە و لەلایەن رۆژنامەڤان حوسێن عومەر، بەرپرسی دیسکی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکشدەکرێت، لە پۆدکاستەکاندا تیشکدەخاتە سەر گرنگترین رووداو و پێشهاتە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، کە کاریگەری لەسەر دۆخی رۆژئاڤای کوردستان دەبێت و لەگەڵ میوانەکانیدا شرۆڤەی بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات.
 
حوسێن عومەر، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی چاوی سێیەم دەڵێت "لە چاوی سێیەم بە هاوێنەیەکی بێلایەن و بابەتییانە لەگەڵ میوانەکانم شرۆڤەی رووداوەکانی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان دەکەین و، باس لە لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی لە رۆژئاڤا دەکەین."

 

 
دینار:
 
پۆدکاستێکی شرۆڤەیی ئابوورییانەیە، محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵ میوانەکانی هەفتانە شرۆڤە بۆ بازاڕە جیهانی و نێوخۆییەکان دەکات، کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچەی و نەوت و داهاتەکان لەو پۆدکاستەدا لەگەڵ کەسانی شارەزا گەنگەشە دەکرێن، هەروەها باسی لێکەوتەی رووداوەکان لەسەر بازاڕ دەکات و فرۆشیاران و خاوەنکاران چۆن خۆیان لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا بگونجێنن بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر کار و بەرهەمەکانیان نەبێت.
 
محەممەدی شێخ فاتیح دەڵێت "لە پۆدکاستی بازاڕ، سەرنجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە هاونیشتمانی، خاوەنکار و کاسبکار بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و جموجووڵی بازاڕدا خۆیان بگونجێنن، هەروەک باس لە گرنگترین ئەو رووداو و پێشهاتانەی هەفتە دەکەین، کە لێکەوتەیان لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات و هاونیشتمانییان دەبێت."

 

 
بەکاتی دهۆک:
 
بەکاتی دهۆک، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک پێشکێشدەکرێت. هەفتانە ناسر عەلی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا دەبێت. پێشکێشکار لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی دهۆک و دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا و شنگال دەبێت.
 
ناسر عەلی، ئامادەکار و پێشکێشکاری بەکاتی دهۆک دەڵێت،"لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی ئێمە لەسەر گرفت و کێشە خزمەتگوزاری و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان دەبێت، هەروەک هەوڵدەدەین لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک، سەکۆ و مینبەری هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای دهۆک، دەڤەری بادینان، دەشتی نەینەوا و شنگال بین."

 

 
لەگەڵ ئادەم:
 
هەفتانە ئادەم بێدار، لەڕێگەی پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم لەگەڵ میوانەکانی گفتوگۆ لەسەر رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات لە روانگەی ئایینەکانەوە، بە ئامانجی ئەوەی تێگەیشتنێکی میانڕۆیی لەسەر کۆی ئەو رووداوانە بکرێت، کە کاریگەرییان لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە. گفتوگۆ لەبەرنامەی لەگەڵ ئادەم بە ئاراستەی رێزگرتن و یەکترقبووڵکردنی هەموو ئایینەکانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا.
 
لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم هەوڵدەدرێت تێگەیشتنێکی بابەتییانە بۆ هەموو ئەو بابەتانە بکرێت کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونی لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
د. ئادەم عەبدولجەبار، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم دەڵێت، "لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی هێمنانەی بەرهەمدار بەئاراستەی تێگەیشتن و تێڕوانینی هاوبەش بۆ گرنگترین رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دیدی ئایینەکانەوە باسبکەین و جەخت لەسەر بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی بکەینەوە".