ناوی 2 هەزار و 373 خانەنشینی شارستانی بۆ لیستی مووچەی مانگی ئاب زیاد دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "زیاتر لە 2 هەزار خانەنشینی نوێ مامەڵەیان تەواو بووە و ناویان لە لیستی مووچەی مانگی ئاب زیادکراوە." گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستانیش دەڵێت: "هەر کاتێک مووچەی مانگی ئاب هات، زیاتر لە 2 هەزار کەس هەشت مووچە پێکەوە وەردەگرن."
 
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، لە 01-01-2025ـەوە لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
 
رۆژی سێشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2025، سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویست بوو مامەڵەی خانەنشینان زووتر تەواو بکرایە. بە مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە، بەشێک لە خانەنشینان 9 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە."
 
بە گوتەی سادق شێخ عوسمان، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەست بە راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاتێک مووچەی مانگی ئاب دابەشکرا، زیاتر لە 2 هەزار خانەنشین هەشت مووچە بەیەکەوە وەردەگرن.
 
هاوکات ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت: "لە ماوەی رابردوودا دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتییەکان لە هەموو پارێزگاکان درا تاوەکو مامەڵەی خانەنشینان رایی بکەن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کارەکان زۆر بە خێرایی و باشی بەڕێوە بچن و هەموو مامەڵەکان تاوەکو مانگی ئاب تەواو بکرێن."
 
بە گوتەی ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، نزیکەی 200 مامەڵەی خانەنشینان بۆ مانگی ئاب لە دهۆک زیاد کراون؛ گوتیشی: "ئێستا مامەڵەی لەدایکبووانی 1962، 1963 و 1964 تەواو بووە، تەنیا ئەوانە ماون کە مانگانە خانەنشین دەبن و دێن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان."
 
هاوکات بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند: "ناوی دوو هەزار و 373 خانەنشینیی ناوخۆ و شارستانی و 139 خانەنشینیی پێشمەرگە بۆ لیستی مووچەی مانگی ئاب زیاد کراون کە ئەمە دوا بەشی مامەڵەکان بوو؛ هیچ مامەڵەیەکی خانەنشینان نەماوە و هەمووی تەواو کراوە."
 
ئەو بەرپرسەی خانەنشینی دەڵێت: "ئەو ژمارە خانەنشینەی ناوخۆ و شارستانی کە بۆ مانگی ئاب خراونەتە سەر لیستی مووچە، مووچەکانیان پێویستی بە 10 ملیار و 660 ملیۆن دینارە؛ هەروەها مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە پێویستی بە 970 ملیۆن دینارە."
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەست بە راییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی کرا. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "لەو ماوەیەدا توانراوە مامەڵەیی 27 هەزار خانەنشین تەواو بکرێ."
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن؛ 186 هەزار و 377ـیان خانەنشینی شارستانی و 116 هەزار و 976ـیان خانەنشینی سەربازین.