فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: سبەی 25 گەنجەکە لە لیبیاوە دەگەنەوە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئەیلوولی 2025، ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا گیریان خواردبوو، بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کاژێر چواری بەیانی سبەی چوارشەممە دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، فڕۆکەی گەنجەکان کاژێر 08:30ـی ئێوارە بە کاتی بەغدا لە تەرابلووسەوە بەرەو فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ و دواتریش بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێدەکەوێت.
سەحاف گوتی، رێکارەکانی بەدواداچوون بۆ گەڕانەوەی گەنجەکان زیاتر لە مانگ و نیوێکی پێچوو و لەو ماوەیەدا هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کرا، چاودێری کران و دەرمان و خۆراکیان بۆ دابینکرا. تیکتی گەڕانەوەشیان لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابینکراوە.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 90 کۆچبەر لە لیبیاوە بە حەوت کاروان گەڕێندراونەتەوە.
ئەو گەنجانە زیاتر لە رێگەی تورکیا، ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەوە خۆیان دەگەیێننە لیبیا تاوەکو لەوێوە لە رێگەی دەریاوە بچنە وڵاتانی ئەورووپا.
لیبیا بەسەر دوو حکومەتدا دابەش بووە؛ حکومەتی تەرابلووس کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێدانراوە، هەروەها حکومەتێکی دیکەش لە رۆژهەڵاتی لیبیا هەیە و فەرمانڕەوایی بەشێکی خاکی ئەو وڵاتە دەکات.
هاوکات، ئەحمەد سەحاف باسی لە دۆزینەوەی گەنجێکی دیکەی کورد کرد بە ناوی هەژار قادر مەحموود کە خەڵکی ئیدارەی راپەڕینە و گوتی، بەپەلە رێکار بۆ گەڕاندنەوەی ئەویش دەگرنەبەر.
هەژار قادر مەحموود بە رووداوی گوت، ماوەی 50 رۆژە لە لیبیایە و بەهۆی ئەوەی ماندوو بووە و نەیتوانیوە کۆچ بکات، دەیەوێ بگەڕێتەوە لای خێزانەکەی.
هەر لەو بارەیەوە عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندن لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 9ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە کاژێر چواری بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە 10 مانگ ئەو 25 گەنجە بگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و تیکتی فڕۆکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکراوە."
عەبدولخالق محەممەد گوتیشی، پێشتر گەنجەکان راستەوخۆ لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، قسەیان کردووە.