دوای کارەبای 24 کاژێری بەکارهێنانی کارەبا لە سلێمانی 25٪ کەمیکردووە


رووداو دیجیتاڵ 

شەوانی سلێمانی رووناکترن، فەرمانگەی کارەبای شارەکەش ئامارێکی دڵخۆشکەر بۆ خۆیان و هاووڵاتییان بڵاودەکاتەوە و رای دەگەیێنێت، لەوەتەی زۆرینەی شارەکە کارەبای 24 کاژێری بۆ دابین کراوە، خواستی خەڵک بۆ بەکارهێنانی کارەبا بە رێژەی 25٪ کەم بووەتەوە.
 
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، دەڵێت: "ئاماری کۆنترۆڵ دەری دەخات کە خواست بە رێژەی 25٪ کەمی کردووە. بەهۆی فێنکبوونی کەشوهەواشەوە، پێشبینی دەکەین رێژەکە بگاتە 30٪ و 35٪".
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، مانگی ئابی ساڵی رابردوو پشکی پارێزگای سلێمانی رۆژانە 800 مێگاوات کارەبا بووە، بەڵام تەنیا 16 کاژێری پێ دابین کراوە. لە کاتێکدا مانگی ئابی ئەم ساڵ، لە هەمان پشکی 800 مێگاواتی، رۆژانە تەنیا 600 مێگاوات بەکار دەهێنرێت و کارەباش لە زۆرینەی ماڵەکاندا بەردەوامە.
 
بەشێک لە هاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان بە دۆخی کارەبا دەردەبڕن. عەزیز عەلی، کاسبکارە، پێی گوتم: "من زۆر لەم کارەبایەی ئێستا رازیم، بەم تەمەنەوە ئەوەندە خاوەن موەلیدە پێی دەگوتم وایەر گەرم بووە و جۆزەکەت بگۆڕە، گیانم دەرچوو".
 
ئاوات عەلی، ئەندازیارە و باس لە گۆڕانی کولتووری بەکارهێنانی کارەبا دەکات، دەڵێت: "جاران کە کارەبا کەم بوو، زۆربەی ئامێرەکانمان پێکەوە ئیش پێ دەکرد، بەڵام ئێستا کە بووەتە 24 کاژێری، وەک پێویست بەکاری دەهێنین و بەشێکی دەکوژێنینەوە".
 
شیرین حوسێن، ژنێکی ماڵەوەیە و دەڵێت: "سەلاجە، سپلێت و موجەمیدە بەبەردەوامی ئیش دەکەن و هەندێک گڵۆپیشمان کەم کردووەتەوە. ئاومان نییە، بۆیە بەردەوام سپلێت ئیش دەکات".
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی سوودمەندبووانی کارەبای نیشتمانی لە چوار ملیۆن هاوبەش نزیک بووەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە 60٪ی کۆی دانیشتووان.