لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران: داوای شایستە داراییەکانمان لە وەزارەتی دارایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێ، وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان کرد و کۆبوونەوە. گوتەبێژی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران دەڵێت: "داواکارییەکانمان بۆ دابینکردنی شایستەداراییەکانمان بوو و بڕیارە لەم دوو رۆژەدا وەڵاممان بدەنەوە."
رۆژی سێشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان کرد کە پێکهاتبوون لە سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی لقی سلێمانیی یەکێتییەکە."
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر کێشە و گرفتەکانی بەڵێندەران و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان کرا. وەزارەتی دارایی دەڵێت: "بەرپرسانی یەکێتیی بەڵێندەران چەند داواکارییەکیان خستەڕوو کە خۆی لە گەڕانەوەی بارمتەی کۆمپانیاکان و خەرجکردنی شایستەکانیان دەبینییەوە."
وەزیری دارایی پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دووپاتکردەوە و دوای گفتوگۆ و پەیوەندیکردن لەگەڵ بانکی ناوەندیی هەرێم/سلێمانی بڕیاردرا بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دانانی رێکار و میکانیزمی گونجاوی مانگانە بۆ خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانیان بەشێوەیەکی بەردەوام."
ژین عەبدوڵڵا، گوتەبێژی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "چەند رۆژێک پێش ئێستا داوامان کرد وەزیری دارایی ببینین و ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی پێشوازی لێکردین و هەر لەوێ پەیوەندیی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان. بڕیارە لەم دوو رۆژەدا وەڵاممان بدەنەوە."
لەبارەی داواکارییەکانەوە، گوتەبێژی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران گوتی: "چەند داواکارییەکمان هەبوو کە پەیوەندییان بە دابینکردنی پارە و شایستە داراییەکانمانەوە هەبوو."