هەڵبژاردنى عێراق؛ سەرۆکى لیستێک دوورخرایەوە و حەلبووسیش کێشەی نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لیستێکى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەهۆى "رەفتاری خراپ" دوورخرایەوە، دادگە تانەى دژ بە بەربژێربوونى محەممەد حەلبووسى، سەرۆکى پارتى تەقەدووم رەتکردەوە، 7 بەربژێریش کە بە تۆمەتى بەعسیبوون دوورخرابوونەوە، جارێکی دیکە گەڕێنرانەوە.
ئەو بڕیارانەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 8ى ئەیلوولى 2025 دەرکراوە و بە فەرمى بڵاوکرانەوە.
رێکارەکانى تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە بەربژێران بەشێکە لە هەنگاوەکانى بەر لە پەسندکردنى ناوى ئەو بەربژێرانە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.
سەرۆکى لیستێک دوورخرایەوە
یەکێک لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران راستاندنى بڕیارى لیژنەى وردبینی لە شیاویی بەربژێرانە بۆ دوورخستنەوەى یەزن مشعان، کوڕى مشعان جبوورى کەسایەتیى ناودارى سوننە.
ئەو بەربژێرە سەرۆکى لیستى هاوپەیمانیى سقوورنا بوو لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین، هۆکارى دوورخستنەوەى پەیوەندیدار بووە بە بڕگەى سێ لە مادەى 7ى یاساى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کە تایبەتە بە پێشینەى تاوان و رەوشت.
پێشتر یەزن مشعان جبوورى تانەى لە بڕیارى دوورخستنەوەى دابوو، بەڵام تانەکەی رەتکرایەوە.
بەربژێربوونى حەلبووسى "دروستە"
دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن کە سەر بە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرییە تانەیەکى موسەننا سامەڕائى، سەرۆکى هاوپەیمانیى عەزمى رەتکردەوە کە لە دژى بەربژێربوونى محەممەد حەلبووسى، سەرۆکى پارتى تەقەدووم پێشکێشی کردبوو.
بەگوێرەى بڕیارەکە کە پارتى تەقەدووم بڵاویکردووەتەوە، 8ـی ئەیلوول ئەو دەستەیە لەبارەى ئەو تانەیەوە بڕیارى داوە کە محەممەد حەلبووسى لەسەر هیچ تاوانێک سزا نەدراوە کە پەیوەندیدار بێت بە تاوانى شەرەف یان گەندەڵیى دارایی و کاریگەریى نەبێت لەسەر ئەو بڕگانەى بڕگەى سێى مادەى 7ـی یاسای هەڵبژاردن بێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند: تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارەى دەستەى دادوەرییان بە فەرمى پێنەگەیشتووە.
7 بەربژێر گەڕێندرانەوە
بڕیارێکى دیکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران گەڕانەوەى 7 بەربژێر بووە کە پێشتر بە گومانى ئەوەى یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەرى دەیگرتنەوە، دوورخرابوونەوە.
بەربژێرە گەڕێندراوەکان سەر بە رێکخراوى بەدر، هاوپەیمانیى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانیی، ئەبشر یا عێراق، بزووتنەوەى سۆمەرییە بوون.
بەگوێرەى بڕگەى پێنج لە مادەى 7ـی یاسای هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، ئەو کەسانەى کە یاسای لێپرسینەوە و دادەوەرى دەیانگرێتەوە ناتوانن خۆیان بەربژێر بکەن بۆ پۆستە باڵاکان کە ئەوانەن بەرپرسیارێتیى و پێگەى باڵایان هەبووە لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس لە عێراق.
بەگوێرەى نوێترین ئامارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو 6ى ئەیلوول، 786 بەربژێر بە هۆکارى جیاواز دوورخراونەتەوە، زۆرترینیان لەسەر ئەوە بووە کە یاسای لێپرسینەوە و دادوەرى گرتبوونیەوە، کە 370 کەس بوون، بەڵام 23 یان لە دواى تانەدان لە بڕیارى دوورخستنەوەیان گەڕێنراونەتەوە.
نزیکەی 8000 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێرکردبوو، بەڵام تاوەکو 6ى ئەیلوول 7 هەزار و 709 بەربژێریان ماونەتەوە.
محەممەد یونس، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند: کاتێکى دیاریکراو نییە بۆ کۆتاییهاتنى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى بەربژێران.
ناوى ئەو بەربژێرانە دەنێردرێت بۆ 13 وەزارەت و دەستەو دەزگای جیاواز لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وردبینی لە دۆسیەکانیان.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت؛ هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.