گەنجێک بۆ باوکە پێشمەرگەکەی: نە تۆ مووچەکەت بەش دەکات و نە من کارم هەیە، دەڕۆم بۆ ئەوروپا
رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسەی سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت و دواتر قسە دەکات، باوکێکە بەدیار وێنەی کوڕەکەیەوە کە لە یەکی ئەم مانگەوە ماڵەکەی بەرەو ئەوروپا جێهێشتووە. دەیەوێت دوایین هەواڵ لە کوڕەکەی هەبێت کە رێگەی مان و نەمان بە کوێی دەگەیێنێت.
ئەیوب فەتاح باوکە و پێشمەرگەیە، دەڵێت، کوڕەکەم دەیگوت، نە تۆ شتێکت هەیە بیدەی بە من و نە منیش کارێکم هەیە، "مووچەکەی تۆش بەشی ماڵ ناکات، بۆیە دەڕۆم و دەچمە ئەوروپا، منیش زێڕی دایکیم فرۆشت و بەڕێم کردووە و سەفەری خێر بێت".
بەپێی ئاماری نووسینگەی دهۆکی پێدانی ڤیزای تورکیا، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار گەنج ڤیزای تورکیایان وەرگرتووە و 50%ـی ئەوانە مەبەستیان گەیشتن بووە بە ئەوروپا.
رووداو چووەتە پارکی شار لە رانیە، زۆرن ئەو گەنجانەی هاوشێوەی داستان ساڵح لەو پارکە چاوەڕوانی کاتن بۆ جێهێشتنی نیشتمانەکەیان و رووکردنە ئەوروپا، داستان بێکار نییە و پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەیە، بەڵام دەڵێت، ساڵێکە بێبازاڕی مایەی کارەکەی بۆ دەرناکات.
داستان ساڵح قسە و دەردەدڵی بۆ رووداو کرد، گوتی، تەمەنی 28 ساڵانە و ریشی سپی بووە، "ئەگەر بڵێن بۆماوەییە، نەخێر وانییە، کاری ئەوەیە هەر یەکێک لە ئێمە سێ جار بیر دەکەینەوە لە جیاتی خۆمان و لە بارودۆخێکی خراپ داین. هیچ شتێک نییە لێرە بمان بەستێتەوە، خۆشگوزەرانی نییە، پرۆژەیێک نییە، مافی سەرەتاییمان نییە، تۆ وەرە دەبێت شەش کاژێر چاوەڕێی کارەبا بکەم تا بتوانم موجەفیفەیەک لە سەرمان بدەین، ئاخر ئەوە چۆن دەبێت؟"
هێمن قادر گەنجێکی هەرێمی کوردستانە، ساڵی 2000 لە رانیەوە چووەتە بەریتانیا و ئێستا بە سەردان گەڕاوەتەوە ئەو شارە، پێچەوانەی گەنجانی شارەکەی بیر دەکاتەوە، دەڵێت، "کوردستان گونجاوترە بۆ ژیانی گەنج، نەک ئەوروپا چونکە لەوێ دەبێت لە سفرەوە دەست پێبکەیت و کار بکەیت، بە تەنیا خۆتی و دەبێت لە هەوڵی زۆردا بیت، وەک ئێرە نییە کەسوکارت یارمەتیت بدەن".
هێدی محەممەد گەنجێکی دیکەی رانیەیە، دەڵێت، "100% بەجێی دێڵم و دەڕۆم بەرەو ئەوروپا، لێرە ژیان نییە، بێ مووچەییە، دانامەزرێیت، نە کار هەیە، ناچارم بڕۆم".
محەممەد حەسەن، هونەرمەندە و خەڵکی رانیەیە، دەڵێت، "من بەش بە حاڵی خۆم لەبەر چەند هۆکارێک ناتوانم کۆچ بکەم، بەڵام گەنجێکی زۆر لە رانیە دەڕوات، پێرێ خاڵم لەگەڵ پێنج گەنجی دیکە سەفەریان کردووە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە بێ کارن، بێ مووچەن و بێ حاڵن".
لە ماوەی تەنیا 15 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 12 هەزار گەنجی سنووری قەزای رانیە داوای ڤیزای تورکیایان کردووە.
ئیبراهیم ئازاد، خاوەنی نووسینگەی ڤیزایە و دەڵێت، گەنجەکان کە ڤیزایان دەستنەکەوت، رێگەی قاچاخ دەگرنەبەر، رێگەی زاخۆ بۆ تورکیا داخراوە و ئەستەم بووە، ئێستا زۆرتر گەنجان لە رێگەی ئێرانەوە خۆیان بە تورکیا دەگەیێنن".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا لە ئیدارەی راپەڕین، نزیکەی 800 گەنج کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردووە.